کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زەخت دەخەنە سەر بایدن تا ستراتێژییەک بۆ سنووردارکردنی ئێران داڕێژێ

21:31 - 16 پووشپەڕ 2722

هاوکات کە هیواکان بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ کاڵ دەبنەوە و بایدن خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ یەکەم سەفەری خۆی وەک سەرکۆمار بۆ ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعوودی لە مانگی داهاتوویە، سەرکۆمار جۆ بایدن لەژێر زەختی پەرەئەستێن لەلایەن هاوپەیمانانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست‌دایە تا پلانێکی گونجاو بۆ سنووردارکردنی ئێران داڕێژێت. بە گوتەی ئاگادارانی ئەو باس‌وخواسانە لە سەرەتای مانگی جون، جێگری وەزیری بەرگریی عەڕەبستانی سعوودی، خالید بێن سەلمان، برای شازادەی جێنشین محەممەد بێن سەلمان، لە سەفەرێکی بۆ واشینگتۆن بە کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بایدن-ی گوتوە کە ناوبراو خۆشحاڵە پێوەندیی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و عەڕەبستانی سعوودی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی پێشوو. بەڵام هەمان سەرچاوە گوتیان، ئەو نیگەرانیی خۆی لەوەش دەربڕیوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا ستراتێژییەکی تۆکمەی بۆ هەڵسوکەوت دەگەڵ بەرنامەی ناوکی، جبەخانەی مووشەکی بالیستیکی و پشتگیریی لە تاقمە میلیشیاکانی ناوچە لە لایەن ئێرانەوە دانەڕشتوە. کاربەدەستانی ناوچەکە دەڵێن، بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن هێشتا بە هاوپەیمانەکانی، لە ناویاندا عەڕەبستانی سعوودی، نەگوتوە لە ئەگەری شکستی دانوستانە ناوکییەکان، پلانی جێگرەوەی ئەوان چییە؟ کاربەدەستێکی پلەبەرزی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، بە ئاماژە بە بڕیاری ئەو دواییانەی ئێران لەمەڕ لابردنی بەشێک لە کامێرا چاودێرەکان و ڕێژنەیەک لە ئۆپەراسیۆنی شاراوەی ئیسڕائیل لەنێو خاکی ئێراندا، گوتی "دۆخی ئێران بەرەو ئاقارێکی هەستیار هەنگاو دەنێ." بە گوێرەی لێدوانێکی هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە، سێ بەلەمی ئێرانی لە گەرووی هورموز، پاپۆڕێکی وڵاتە یەکگرتووەکانیان "بە شێوەیەکی نائەمین و نابەرپرسانە" جاڕز کرد و تا ٥٠ یاردی (٤٦ میتر) لێی نزیک بوونەوە. کاربەدەستەکە گوتی، "لەبەر ئەو هۆیەیە ئێمە ئەو سەفەرە دەکەین، هاوپەیمانانمان دەیانهەوێ بزانن ئاخۆ ئێمە لە هەڵسوکەوت دەگەڵ ئەوەدا پێداگرین." لە مانگی ڕابردوودا نوێنەری تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئێران، ڕاب ماڵی، لە شایەتیدانێک لە بەرانبەر کۆنگرەدا گوتی، ''هەنووکە، دەتوانین لە باشترین دۆخدا بڵێین ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ ناڕوونە'' و هێشتا نازاندرێت ئەگەر ڕێککەوتنێک واژۆ بکرێ و ئابلۆقەکان هەڵگێرێن، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن چۆن پێش بە هێرشی مووشەکیی نائەتۆمی و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێران دەگرێت. وتەبێژێکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بە سی ئێن ئێنی گوت، "ئێمە ئەرکدارین لە نزیکەوە ڕاوێژ دەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان بکەین، بێ لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران و بە شێوەیەکی گشتیی، ئێمە پشتگیریی لە وتووێژی نێوان وڵاتان لەمەڕ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی دەکەین." نوێنەرانی کۆنگرە و هاوبەشان و هاوپەیمانان لە ناوچە زەختیان خستۆتە سەر کۆشکی سپی بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکە نادڵنیایە و لە بەلاڕێداچوونی دانوستانە ناوکییەکان دەترسێ. کاربەدەستانی ئاگادار لە وتووێژەکان دەڵێن بەرێوەبەرایەتی بایدن گوتوویەتی لە ئەگەری شکستی وتووێژەکان، زەختی ئابووری لەسەر ئێران دەپارێزرێت و گەمارۆکان چڕتر دەکاتەوە. وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها هەوڵی داوە هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دژی ئێران دروست بکات و داوای لە وڵاتانی کەنداو کردوە سەرجەم سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی خۆیان لەدژی هێرشەکانی ئێران تێکەڵ بەیەک بکەن. هەنگاوەکە لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە هەردوو حیزبەکان پشتگیریی لێ دەکرێ بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو وەدەست بێنێت. کاربەدەستان گوتیان، دەسەڵاتدارانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بڕوایە نین کە سنووردارکردنی ئێران تەنیا ئەرکی بەڕیوەبەرایەتیی بایدن بێت، بەڵام هیوادارن لە ماوەی سەفەری سەرکۆمار بۆ ئیسڕائیل، کەرتی خۆراوا و عەرەبستانی سعوودی ببیستن ئاخۆ هاوبەشەکان دەتوانن چ شتێکی دیکە بکەن تا کەریگەرییان لەسەر ئاکاری ئێران هەبێت. لە هەمان کاتدا، وێدەچێ ئیسڕائیل هەر دێت و زۆرتر خوازیاری جێبەجێ‌کردنی شتەکان بە دەستی خۆی بێت. ژمارەیەک کاربەدەستی پێشوو و هەنووکەیی ئاگادار بەسەر کاری هەواڵگرییدا بە سی ئێن ئێن-یان گوت کە دامودەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی بۆ هێرشی شاراوە بۆ سەر ئامانجەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران و زانایانی ئەو بوارە چڕتر کردۆتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر زانیارییەکانی ئەو هەوڵانەیان لە ئەمریکاییەکان شاردۆتەوە. وڵاتانی کەنداو ئەوەندەی ئیسڕائیل لە چەکی ناوکیی ئێران نیگەران نین و زۆرتر نیگەرانی ئەوەن ئاخۆ هەڵگیرانی گەمارۆ ئابوورییەکانی دوای ڕێککەوتنی ناوکیی چۆن یارمەتیی ئێران دەدەن تا سامانی پشتگیریی لە چالاکییە بەدخوازانەکانی دابین بکات. عەلی شیهابی، بریکارێکی هەواڵگریی عەڕەبستان کە لە ڕیاز نزیکە و زۆرجار ڕوانگەی دەوڵەتی ئەو وڵاتە بڵاو دەکاتەوە گوتی ''کەنداو دەیهەوێ هەست بە هاوڕایی ئەمریکا بکات، بەڵام هەنووکە گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پشت پێبەستن دەبێت؟ عەڕەبستانی سعوودی زۆرترین تێوەگلانی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بۆ سنووردارکردنی ئێران دەوێ، کەوابوو ئەوە پرسی سەرەکییە بۆ باسکردن لە وتووێژی نێوان ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو و بایدن. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لە مەڕ جیددی‌بوونی خولیا ناوکییەکانی ئێران هاوهەڵوێست نییە. بەشێک لە کاربەدەستە هەنووکەیی و پێشووترەکانی ئاگادار بەسەر هەواڵگری وڵاتە یەکگرتووەکاندا پێیان وایە ئامانجی سەرەکی ئێران هەڵگیرانی گەماروە ئابوورییەکانە و ڕێبەرانی ڕێژێم پێیان خۆشە لە هەڕەشەی گەشەپێدانی زیاتر بە بەرنامە ناوکییەکەیان وەک ئامرازی خستنەژێر گوشار کەڵک وەرگرن. بەشێکی دیکە پێیان وایە ئێران بەڕاستی دەیهەوێ چەکی ناوکیی بەرهەم بێنێت، چونکە ڕێبەری ئەو وڵاتە سەرنجی داوەتە کۆرەی باکوور و ڕووسیە، دوو وڵاتی خاوەن چەکی ناوکیی، کە چۆن خۆیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕۆژاوا بۆ داگیرکردن یان گۆڕینی ڕێژیم، پاراستوە. مانگی ڕابردوو ''ماڵی'' بە نوێنەرانی کۆنگرەی گوت، لە پێوەندی لەگەڵ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران قەت دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگات، "هیچ شتێک لەسەر مێزەکە وەلا نەنراوە،" لە ناویاندا کردەوەی سەربازی. بەڵام ئەو دووپاتی کردەوە هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەوەیە تەنیا ڕێگاچارەی ڕاستەقینە، ڕێگاچارەی سیاسییە. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی هەڵویستی خۆی دووپات کردەوە. ئەو گوتی، "ئێمە خۆمان بە ڕەچاو کردنی دیپلۆماسی وەک باشترین و درێژمەوداترین ئامراز بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانمان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئێران، ئەرکدار دەزانین."   ئاسەواری قوولبوونەوەی قەیران کاربەدەستانی هەواڵگری و سەربازیی ئەمریکا لە نزیکەوە چاوەدێریی ئاسەواری قووڵبوونەوەی گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئیسڕائیل لە بەرەبەری سەفەری بایدن بۆ ناوچەکە دەکەن؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئیسڕائیل وێدەچێ هەوڵەکانی بۆ کوشتنی ئامانجدار و ئۆپەراسیۆنی شەڕی ناڕاستەوخۆ لەنێو ئێران لەو مانگانەی دواییدا چڕترکردبێتەوە، جاناتان پانیکۆڤ، سەرۆکی دەستپێشخەریی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاتلانتیک و جێگری پێشووی ئەفسەری هەواڵگریی نەتەوەیی لە ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی نزیک و هەواڵگریی نەتەوەییدا گوتی، ''ئێستا وێناچێ ئیسڕائیل پلانێکی ستراتێژیکی بۆ کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەی گەشەپێدانی چەکی ناوکی لە لایەن ئێرانەوە هەبێت. ئەو هیوادارە بە زنجیرەیەک هەنگاوی تاکتیکی زەخت بخاتە سەر ئێران و بەردەوام پێشکەوتنەکانی وەدوا بخات." کاربەدەستێکی وڵاتە یەکگرتووەکان و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە هەواڵگریی بۆ سی ئێن ئێن-یان پشتڕاست کردەوە کە ئیسڕائیل بەرپرسی کوشتنی سەرهەنگ سەیاد خودایی سەر بە سوپای قودس بوو کە مانگی ڕابردوو لە تاران کوژرا و یەکەم جار نیویۆرک تایمز هەواڵەکەی بڵاو کردەوە. باڵوێزخانەی ئیسڕائیل داوای لێدوانی لەو بارەوە بێ وەڵام هێشتۆتەوە. دوو زانای دیکەی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی مای کوژراون کە ئێران ئیدیعای کردوە بە هۆی دەرمانداوکران لە لایەن ئیسڕائیلەوە کوژراون. هەروەها لە کۆتایی مانگی مای، هێرشێکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان کرایە سەر بنکەی سەربازیی پارچین و لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئەندازیارێکی ئێرانی کوژرا و ئەندامێکی دیکەی سوپای پاسداران لەناکاو لە باڵکۆنێکەوە کەوتە خوارەوە و مرد. ئیسڕائیل پێش لە بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکانی، ئەمریکا ئاگادار ناکاتەوە و قەت دان بە ڕۆڵگێڕی و دەوری خۆیدا ناهێنێ، تەنانەت بە شێوەی تاکییش. چەند کاربەدەستی هەنووکەیی و پێشووی ئاگادار لەو پرسانە بە سی ئێن ئێن-یان گوتوە، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، بەشبەحاڵی خۆیان، تا ڕادەیەکی زۆر لەمەڕ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل خۆگێل‌کردیان هەبووە و داوایان لەو وڵاتە نەکردوە واز لەو ئۆپەراسیۆنانە بێنێت. سەرەڕای ئەوەش، لەو کاتەی کە وێناچێ جەنگێکی ئاسایی لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل ڕوو بدا، ئەگەری لێکدانەوەی هەڵە کە ببێتە هۆی لەدەست‌چوونی کۆنتڕۆڵ، زۆرە. بە گوتەی کاربەدەستێک، ئێران لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دواییانەی ئیسڕائیلدا، ئامادەیی بەرگریی ئاسمانیی خۆی بەرز کردۆتەوە و کاربەدەستان ئەمە وەک نیشانەی خۆئامادەکردنی ئێران بۆ تۆڵەئەستاندنەوە سەیر دەکەن. پانیکۆڤ گوتی: "هاوکات لەگەڵ زەبر و زەختەکانی ئیسڕائیل، ئێرانییەکان بێتوو بەو ئاکامە بگەن کە بەرجام مردوە، هەوڵەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوە زیاتر دەبێت." کاربەدەستان هەروەها گوتوویانە لەگەڵ لێکدانەوەی هێرشەکانی ئەو دواییانەی ئیسڕائیل وەکوو هەڕەشە بۆ سەر مان و نەمانی ڕێژیم، شێوەی لێدوانەکانی ئێران هەر دێت و شەڕانشۆیانەتر دەبێت. نیگەرانییەکان لەمەڕ ئەگەری قووڵترکردنەوەی گرژییەکان لەلایەن ئێرانەوە بوونە هۆی ئاڵوگۆڕی بەربڵاو لە سیاسەتی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداودا، بۆ وێنە بۆتە هۆی ئاسانکاری و ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و چەند وڵاتی دیکەی ئەندامی کۆمکاری عەڕەبی. بە گوتەی چەند بەرپرسێک، دۆخی ناجێگیری ئاسایشی ناوچە بۆتە هۆی زەختی زۆر لەلایەن ئیسڕائیل بۆ سەر بایدن تا سەردانی عەڕەبستان بکا و چاوی بە شازادەی جێنشین بکەوێ و چاوەڕوان دەکرێ لە سەفەری مانگی داهاتووی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بایدن لە هەنگاوێکی زۆر دەگمەندا ڕاستەوخۆ بە فڕۆکەی تایبەتیی سەرکۆمار، لە تەلاڤیڤەوە بەرەو ڕیاز بفڕێت. یاریدەدەرێکی کۆنگرە و ئاگادار لە وردەکارییەکان گوتی، "ژمارەیەکی زۆر لە هاوپەیمانانمان لەسەر ئەو باوەڕە سوورن کە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران، ئاسایشی ئەوان بە شێوەی بەرچاو دەخاتە مەترسییەوە، کاتێک ئەو سیاسەتە بە کشانەوە لە ئەفغانستان و سنووردارکردنی فرۆشتنی چەکوچۆڵ، پێشوازیی سارد لە ڕێککەوتنی ئابراهام لە لایەن ئەمریکاوە و ڕاگەیاندنی وەرسووڕانی سەرنجی ئاسایشی بەرەو ناوچەی ئوقیانوسەکانی هندوستان و ئارام، گرێ دەدەی، ژمارەیەکی زۆر لە هاوپەیمانەکانمان بەو ئاکامە دەگەن کە بۆخۆیان جڵەوی کارەکان بەدەستەوە بگرن." یاریدەدەرەکە ئەوەشی زیاد کرد کە هەندێ لەم وڵاتانە ڕەنگبێ بۆ هەڵسوکەت لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران، لە هاوبەشی دیکە(وەکوو وڵاتی چین) بگەڕێن.  شیهابی ئەو بۆچوونەی پشتڕاست کردەوە و گوتی، "لە کۆتاییدا، سیاسەتی ئەمریکا زۆر ناجێگیرە و ئەگەر شانشینی عەڕەبستان و ئەوانی دیکە وانەیەک لە مێژوو فێر بووبێتن، ئەوەیە کە ناکرێ سەرجەم هێلکەکان لە سەوەتەی وڵاتە یەکگرتووەکان هاوێی.