کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەییسی، میراتگری ڕاستەقینەی خومەینی

21:45 - 16 پووشپەڕ 2722

ساڵێک لە دەست‌نیشان‌کردنی ئیبڕاهیم ڕەییسی بە سەرکۆماری ئێران تێپەڕی و پاش ئەو ماوەیە لە ئێستاوە دیارە کە هیچ کام لەو وادە و بەڵێنانەی لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا دەیدان وەدی نەهاتوون. ڕەییسی چەقی پڕوپاگەندەکانی لەسەر بنەبڕکردنی هەژاری، وەدیهێنانی دادپەرورەی و دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی دانابوو. ئەو هەروەها بە هێنانەگۆڕێی ٥٠ وادە و بەڵێنیی ئابورری و سیاسی کە لەواندا نەهێشتنی گرانی و گەندەڵی، یەک ڕەقمی‌کردنی نرخی هەڵاوسان و باشکردنی دۆخی ژیانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بۆڵد کرابوو، وێنایەکی تایبەتیی لە دەوڵەتی خۆی دەکرد. بەڵام با بزانین لە مەیدانی کردەوەدا چیی کرد و دۆخەکەی بە کام ئاراستەدا برد؟ لەپێشدا بابەتی هەڵاوسانی ئابووری: ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندوە کە نرخی هەڵاوسان لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ سەتا ٥/٥٢ بەرز بۆتەوە کە هەر لەچاو مانگی ڕابردوو هەڵکشانێکی سەروو سەتا ١٣ی تۆمار کردوە. لەو نێوەدا ڕەییسی بۆ شاردنەوە و پووش‌بەسەرکردنی قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانە ئیدیعا دەکا کە دەوڵەتی لە حەسەن ڕوحانی بە هەڵاوسانی سەتا ٦٠ وەرگرتوە؛ بابەتێک کە یەکەمجارە باسی دەکا و دیارە بۆچی وا دەڵێ. لە تەنیشت هەڵاوسان با چەند نموونەیەکی دی لە دۆخی ئابووری بێنینەوە: لە جۆزەردانی ئەمساڵدا نرخی کرێ ماڵ سەتا ٢٥ زیادی کردوە. لە کاتێکدا ئێران لە ساڵی ٢٠٢١دا سێ هیندەی ساڵی پێشتر نەوتی فرۆشتوە، بەڵام بایی دراوی نیشتمانی هەتا ٣٣ هەزار تمەن لە بەرانبەر دۆلارێکدا دابەزیوە. هاوکات بایی زێڕ بەردەوام لە هەڵکشان بووە و هەر سکەیەکی بەهاری ئازادی خەریکە سنووری ١٥ میلیۆن تمەن دەبەزێنێ. مەسعوود میرکازمی، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێرانیش نایشارێتەوە لە ئەگەری بەردەوامیی گەشەی سەتا ٨ی ئابووریی وڵات لە ماوەی شەش ساڵی بەردەوامدا تازە بە تازە بارستایی ئابووریی ئێران بۆ ساڵی ١٣٩٠ دەگەڕێتەوە. ناوبراو ئەو قسانە لە کاتێکدا دەکا کە هەر بەپێی قسەکانی ڕەییسی بایی گەشەی ئابووریی وڵات لە ساڵی ١٤٠٠دا کە ناوبراو جڵەوت دەوڵەتی گرتۆتە دەست سفر (هیچ) بووە. خەڵک وەک ئاڵقەی ونی بڕیارەکان لە کۆماری ئیسلامیدا لەم یەک‌ ساڵەدا ئەوەندەی دیکەش لە هەژاری و قەیرانە ئابوورییەکان ڕۆچوون. سفرەی بەڕێچوونیان چووکەتر بوویەوە و بێکاری و گرانی ئەوەندەی دیکەش بڕستی لێ بڕین. سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە وەک کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشین‌کراون تاقیکارییەکی باشە بۆ جەنابی ڕەئیسی و چۆنیەتیی وەدیهاتنی وادە و بەڵێنەکانی. هەر لەو ماوەیەدا دامەزراوەی "ئیستاسیس" ئاکامی ڕاپرسییەکی ڕاگەیاند کە بەو پێیە سەتا ٦٤ی خەڵکی ئێران لە کارکردی دەوڵەتی ڕەیسیی ناڕازین و ئەمەش نیشانەی دیاری نەزۆکیی هەوڵەکانی ناوبراو لە باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات‌دایە. ناکارامەیی، گەندەڵی، بێ‌بەڵێنی و بەهیندنەگرتنی خەڵک و مافەکانیان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم تایبەت بە ڕەییسی یان سەرکۆماری پێشوو و پێشووتریش نییە، بەڵکوو ئەوە میراتێکە لە خومەینیی ڕێبەریان بۆیان بە میرات ماوەتەوە. خومەینی چ پێش سەرکەوتنی شۆڕش ١٣٥٧ و چ لە ڕۆژ و مانگەکانی یەکەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام جاڕی ئەوەی دەدا کە هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی لە داهاتی نەوت هاوبەش دەبن و پارەی نەوت ڕاستەوخۆ دەدرێتە خەڵک. ئاو و بڕق و سووتەمەنییش بەخۆڕایی دەدرێتە خەڵک. هەموو لەبیرمانە کە دەیگوت ئێمە حکوومەتێک بنیات دەنێین کە سەرجەم ئازادییەکانی تێدا دەستەبەر بکرێ و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێچەوانەی نیزامی پاشایەتی کە پشتی بە زلهێزەکان بەستبوو، وەک هەموو وڵاتانی دێموکرات پشت بە ئیرادە و ویستی خەڵک دەبەستێ! بەڵام بینیمان بەشی خەڵک لە نەوت چۆن و چەندە هاتە سەر سفرەی خەڵک و دەبینین کە "خەڵک" لە کوێی بەرنامە و ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی‌دان. خەڵکی وڵات کە چاو لە پێوەندییەکانی ڕێژیم لەگەڵ چین و ڕووسیە و ڤێنیزۆلا و سیاسەتی دەرەوەی ئەم ڕێژیمە دەکەن، زۆر باش لە مانای پشتبەستن بە ئیرادە و ویستی خەڵک! تێ‌دەگەن. خەڵک لەبیریانە کە ڕێبەرانی ڕێژیم دەیانگوت ڕێژێمی پاشایەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان سەرکوت دەکا، بەڵام کەمینەکان لە کۆماری ئیسلامیدا وەک هەموو پێکهاتەکانی وڵات مافی وەک‌یەکیان دەبێت. ئێستاش لە گوێی خەڵکدا دەزرینگێتەوە کە خومەینی دەیگوت ئیسلام هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوە ڕەت دەکاتەوە و هیچ کەسێک لە کەسێکی‌تر بە سەرتر دانانێ، لە سێبەری ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەمووان دابین دەکرێ و هیچ جۆرە ستەمێکی کولتووری و ئابووری نامێنێ. لەبیرمانە کە دەیانگوت دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت بەڵێن بە برایانی! کورد دەدا کە بە زووترین کات هەموو مافەکانیان بۆ دابین دەکا دڵنیایان دەکەینەوە کە داخوازییەکانیان بە تایبەتیش داخوازییە نەتەوەییەکانیان وەک هەموو چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە. هەر ئەوکات زۆری نەخایاند کە مەبەستیان لەو برایەتییە چی بوو و نەورۆزی خوێناویی سنە و فیتوای ٢٨ی گەلاوێژی خومەینی و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ کەس نەهێشتەوە کە وەفا و بەجێهێنانی وادە و بەڵێنی لە ڕوانگەی ئەم ڕێژیمە دەبێ چۆن لێک بدرێتەوە! لەو لای وادە و بەڵێنەکانی ڕەییسی و دەمڕاستەکانی دیکەی ڕێژیم و سەرقاڵکردن و تەمادارکردنی هەمووان بە سەکەوتنی بەرجام، بەڵام ئەوە خەڵکن کە لە ئێستا باشتر لە هەموو کاتێک بە ناسینێکی واقعبینانە لە نێوەرۆکی ئەو ڕێژیمە لێ‌بڕاون چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە یەکلا کەنەوە. پەرەسەندنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و بەڕێکخراوکردنی زیاتری وزەی خەباتگێڕی لەدژی ئەو ڕێژیمە باشترین ئاماژە بۆ ئەو دۆخە نوێیەن.