کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر ڕوخساری گیان

21:46 - 16 پووشپەڕ 2722

هێشتا ماوەیەکی زۆر لەو شانۆگەرییە دەوڵەتییە دوور نەکەوتووینەتەوە. شۆوێکی گاڵتەجار‌ لەسەر سروودێکی بەئەسڵ عێراقی کە لەژێر ناوی "سڵاو فەرماندە"دا بڵاو بۆوە. سروودێک کە چەند کۆریژگەیەک دەیانخوێند و بەڕواڵەتیش بەردەنگەکەی لاوانی تازەپێگەیشتووی کۆمەڵگەن کە بەزۆر دەیانەوێ بیسەلمێنن جیلی نوێ و "دەیە نەوەد"ـی، نەوەیەکی شوێنکەوتووی فەرماندەن و ژیانی داهاتووی خۆیان لەسەر ئاڕاستەی ئەو ئیسلامە ڕواڵەتییەی ڕێژیمی ئیسلامی لە بەردەمیانی داناوە دایدەڕێژن. بەڵام کامیان ڕاستن؟ ئەوەی کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم پیشانی دەدەن یان ئەوەی لەنێو کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن؟ بە تێڕوانینێکی بێلایەنانە بۆ ڕووداوەکان بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە جیلی نوێ پێبەندی هیچ کام لە دروشمەکانی ئەم ڕێژیمە نەبووە و نییە. نوێترین نیشانەکەشی ئەم کۆبوونەوە بێدەنگ و هەرایەی شیراز بوو کە دەنگدانەوەکەی لەرزی خستۆتە دڵی ڕێژیمەوە. ژمارەیەکی زۆر لە کیژ و کوڕی لاو و تازەپێگەیشتووی شیرازی بە ڕواڵەتێکی گونجاو -هەڵبەت لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە نەشیاو- لە پارکێکدا کۆبوونەوە و کاتژمێرێکیان بە پیاسە و قاچەخلیسکێ بردە سەر. هەر ئەوە بەس بوو تا بانگەوازی ماستاوچییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بگاتە تەشقی ئاسمان و بە ناڵە و فەغانەوە بڵێن کە ئیسلام و هەموو بەهاکانی لەنێوب ران و ژێرپێ‌ خران! ئەو دەیە نەوەدیانەی لەگەڵ سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای سەردەمی ئێستادا هاوڕان و ئەو ڕێگە و ڕێبازەی هەڵیانبژاردووە، لەگەڵ نەوەکانی پێشوو بەتەواوی جیاوازە و پێبەندبوونیان بە بەها کۆمەڵایەتییەکان بە پێوەرێکی جیاواز لە بەرەکانی پێشوو هەڵدەسەنگێنن. لە بیرمان نەچووە کە چۆن لە ساڵی نەوەددا لە "پارکی ئاو و ئاگر"ی تاراندا ژمارەیەک گەنج بە تۆمەتی یاریی ئاوپڕژان گیران. یان گەمەی بەکۆمەڵی "خەزبازی" کە لە پارکی پەردیسانی تاران بەڕێوە چوو و ژمارەیەک گەنج و لاو بە قەرارێکی فەیسبووکی و بە جلوبەرگی ڕەنگاڵە و جیاوازەوە بۆ کاتژمێرێک کۆ بوونەوە تا بە وتەی خۆیان بۆ کاتێکی کەمیش بووبێ گۆڕانکارییەک لە ژیانیاندا دروست بکەن. خۆشییەکی ئاسایی کە هیچ زیانێکی بۆ کەسی‌تر نەبوو و بەشداربووانیش ویستیان بە ئارامی و بێ کێشە و قڕە ماوەیەک کات بەسەر ببەن. بەڵام هەر بەڕاست کێشەی سیستمی ئیدۆلۆژیکی ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ ئەم جۆرەکۆبوونەوانەدا چییە؟ ئایا لەم کۆبوونەوانەدا بێ‌ڕێزی بە ئایینی ئیسلام یان هەر ئاینێکی‌تر یان تەنانەت کەسێکی جیابیر دەکرێت؟ لە حاڵێکدا کە لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوانە ئاماژە بە هیچ نیشانەیەکی ئاژاوەگێڕی و نائارامی لەلایەن ئەو کەسانەوە ناکەن. پەروەردەی ڕاسپێردراو و داخراو لەسەر بنەمای پێوەرە خۆدروست‌کردە کە دەبەسترێتەوە بە پێشینانی ئایینی، لە دنیای ئەمڕۆدا و بەپێی پێکهاتەی نوێکراوی تێکنۆلۆژی و پرۆسەی بەدیهاتنی خواستەکانی خەڵک لە جیهاندا جیاوازە. ناکرێت بە بوونی تێکنۆلۆژی و سۆشیال میدیا لە سەردەمی ئێستادا و کاریگەرییەک کە لەسەر ناخی نەوەی گەشەسەندووی ئێستادا هەیەتی، وەک قوتابخانەکانی سەردەمی پێشوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و چاوەڕوانی هەمان ئەو لێکچوون و ئەنجامانە بکرێت. تۆتالیتاریزمی دەسەڵاتداری ئێران کە کاربەدەستە ئایینیە توندڕەوەکان بەدوای بەرفراوانکردنی هەرچی زیاتریدا دەگەڕێن، ئەو تایبەتمەندییانەی نییە بۆ ئەوەی پێویستییەکانی نەوەی ئێستا دابین بکات، بەڵام بۆچی حکوومەتێک کە بانگەشەی لەنێوبردنی ئەوانیتری بە مووشەکی خاڵ‌پێک هەیە، چۆنە کە بە کۆبوونەوەی چەند کیژ و کوڕێک ئاوا لەرزە دەکەوێتە گیانی و دەتۆقێ؟ وەڵامەکە ڕوونە: کۆنترۆڵکردنی حەشیمەت بە پرەنسیپە خوازراوەکانی جۆری شیعیی ڕادیکاڵەوە ئیدی لەسەر نەوەی نوێ وەڵام ناداتەوە. سەرڕێژ و کلابوونی مەیلەکانی نەوەی نوێ دەبت دەراویشتەیەکی گونجاوی بۆ ڕەچاو بکرێ کە هەمووکات خەمی بەرپرسانی بەشی پەروەردەی هەر وڵاتێکە و، ئەم مێتۆدە لە هەر جوغرافیایەکدا بەپێی تایبەتمەندییە جیاوازەکان ڕەچاو دەکرێت. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بڕیاردان لەسەر هەموو هەڵسوکەوتێک دەبێ بە تەشییە کۆنەکەی ئەوان بڕێسرێ و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و ئەوە سەرەتای دەسپێکی کێشەکەیە: نەوەی یاخی لەدژی فەرمانە ئیدئۆلۆژیکە کۆن و بێ‌بنەماکانی دەسەڵات. بە ڕوونی دیارە ئەو پەروەردە سواو و لەبەریەک ‌هەڵتەکاوە لەلایەن "مەقامی عوزما خامنەیی"وە دادەڕێژرێ و فەرمان بە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بەم جیاوازییە ئەم یاساگەلە کە منداڵی بەرپرسانی ڕێژیم ناگرێتەوە! بە واتایەکی‌تر ئەوە تەنیا خەڵکن کە دەبێ پێملی حەز و ویستی دیکتاتۆر بن و ئەگەر ڕۆژێک بێ و داوایەکی دیکەیان بێ، ئەوا دەبێ تێچووی قورسی ئەو لادانە بدەن. ترسی ڕێژیم لە نافەرمانی لەم بەشە و دواتر بڵاوبوونەوەی ئەم نافەرمانییە بۆ بەشەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی ئێرانە. هەموو ئەمانە لە کاتێک‌دایە کە لە سۆنگەی بەڕێوەبەریی نەشیاو و نالێهاتووی بەرپرسان و هاوکات سزا خۆسەپێنەکانی کە دیار و دەسکەوتی هەمان ڕێژیمنە بۆ ئێران، ژیان بۆتە مۆتەکەی تۆقینەر و کامۆسکێکی ناخۆش بۆ خەڵک، بەڵام نیگەرانییەکانی ڕێژیم وادیارە شتێکی دیکەیە و تەنیا لە ڕواڵەتی خەڵکدا خۆی دەبینێتەوە. بارەگای ڕێکخراوە مووچەخۆرەکانی وەک ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە، کە پێکدێ لە ژمارەیەکی زۆر ئاڵقەلەگوێی ڕێژیم کە وەکوو ماشینی قورمیش‌کراو فەرمانەکانی دەسەڵات بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن، بەڵام هاوکات ئەو لاو و هەرزەکارانەی لەم بارودۆخە وەجان هاتوون و هەرجارە و بە جووڵەیەکی پێشبینی‌نەکراو حەساوکتاوی "ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ" تێک‌دەدەن و دەیدەن بەسەر یەکدا. بە دڵنیاییەوە دیکتاتۆر قەت نایەوێ لە واتای ئەم شێعرەی حافز تێ‌بگا کە دەڵێ: "تۆزی جەستەی منە وەک پەردە لەسەر ڕووی گیانم خۆزگە بەو کاتە کەوا پەردە لەسەر ڕووم داخەم   بولبولێکی وەکوو من شیاوی نییە ئەو قەفەسە دەچمە نێو جەننەتی گوڵزارێ مەلی ئەو باخەم"