کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شۆڕش و شاخ (محەممەدی مینە هەللاج)

22:50 - 16 پووشپەڕ 2722

ئەوانەی ڕاپه‌ڕیون له‌پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ پیرۆزەکانی نەتەوەیەکدا، بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ خۆیان هیچكات به‌روبوومی‌ ئه‌م داره‌ پیرۆزه‌یان پێ نەبڕێ، كه‌چی‌ دیسانیش به‌ تین و گوڕی زیاتر له‌ جاران ڕێگه‌ی‌ سه‌خت و پڕ له‌ كه‌ندولەند ‌و هه‌ڵدێر و گه‌و‌یان بڕیوه‌، چونكی‌ ئه‌م مرۆڤانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕانەساون خۆیان وه‌ك تاكه‌ كه‌س ئازاد بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وان به‌ مه‌به‌ستی‌ ئازادكردنی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ بنده‌ست و چه‌وساوه‌كه‌یان ڕێگه‌ی‌ خه‌بات و به‌رخۆدانیان گرتۆته‌ پێش و ئیمانیان به‌و ڕاستیه‌ هێناوه‌ كه‌ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی‌ شكاندوویانه‌ كوێر نابێته‌وه ‌و پڕ ڕێبوارتر له‌ پێشوو، ده‌بێته‌ ڕێبازێكی‌ پیرۆز بۆ نه‌وه‌ی‌ داهاتوو. شەهید محەممەد قادرزادە، ناسراو بە محەممەدی مینە هەللاج ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی نستان لەدایک بوو. ئەویش وەکوو زۆربەی هاوتەمەنەکانی، لەبەر نەبوونی قوتابخانە لە بەهرەی خوێندن بێبەش بوو. ژیانی سەخت و زۆریی سەردەمی دەرەبەگایەتی لە کوردستان، محەممەدی تازەلاوی لەگەڵ ڕوحی خەبات و بەربەرەکانی دژی ستەم و زۆرداری ئاشنا کرد. ئەو قوناغە لە ژیانی‌ هاوکات بوو لەگەڵ دەست‌پێکردنی جووڵانەوەی شۆڕشگێرانەی سالەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاوی. بۆیە لە هەڕەتی لاویەتیدا پێوەندیی بە کادرەکانی ئەوکاتی حیزبەوە گرت و بەڕەسمی بووە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەرئەنجام لەگەڵ کاروانی خەباتی بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦و٤٧ کەوت و شانبەشانی ئەو خەباتگێڕانە، چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان. هاوینی ساڵی ١٣٤٧ ساواک و بەکرێگیراوەکانی ڕێژێمی شا کە بەردەوام بە شوێنیەوە بوون، گرتیان و ڕەوانەی بەندیخانەیان کرد. سەرەڕای ئەشکەنجەیەکی زۆر بەڵام محەممەد لە ئاست جەللادەکاندا بەچۆکدا نەهات و حازر نەبوو نهێنییەکانی حیزب بدرکێنێ، بۆیە دواجار سزای ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاند. ئەو لە ماوەی پێنج ساڵ مانەوە لە بەندیخانەشدا، وەک کادرێکی لێهاتوو بۆ مەیدانی خەبات پەروەردە بوو. لەگەڵ دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ هیوا و گەشبینییەکی زۆر کەوتە دڵی محەممەدی مینە هەللاج و زۆر چالاکانە بەشداریی لە ڕێپێوانەکانی دژی ڕێژێمی پاشایەتیدا کرد و خەڵکی هان دەدا و ڕێکی دەخستن تا لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداری بکه‌ن. محەممەد هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە ڕێپێوانەکانی شارەکانی بانە، سەردەشت و مەهاباددا چالاکانە بەشداریی دەکرد، پێوەندیی خۆی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە بەندیخانەکان و ئەو کادرانەی لە کوردستانی عێراقەوە گەڕابوونەوە نوێ کردەوە. لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبیش، پێوەندیی بە بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی حیزبەوە گرت و لە ڕێکخستنەوە و سازماندانی تەشکیلاتی حیزب و لە پێکهێنان و دروستکردنی هێزی پێشمەرگە، لە ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت‌دا، ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەری هەبوو. بە دەست‌پێکردنی شەڕ لە کوردستانیش لە زۆربەی مەئمورییەت و شەڕەکانی ناوچەی سەردەشتدا بەشداریی کرد و وەک فەرماندەیەک نەخش و دەوری خۆی بەجێ گەیاند و تەنانەت لە مەئمورییەتێکی حیزبیدا چووە ناوچەی هەوشار. محەممەدی مینە هەللاج، لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی تا کاتی شەهیدبوونی لە دەیان مەئمورییەتی  حیزبی و دەیان شەڕ و بەربەرەکانیدا بەشداریی کرد. کاتێک لکی ٢ی شەهید مینەشەم سەر بە هێزی شەهید موعینی سازمان درا، محەممەد وەک فەرماندەی دەستە دیاری کرا. ئەو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وەک فەرماندەرێکی ئازا و خاوەن بەرنامە و تاکتیک تواناکانی خۆی سەلماند. لە گرتنی بنکە و پێگە نیزامییەکانی ڕێژێم، لە دانانەوەی کەمین و لە هێرش‌بردن بۆ سەر هێزی پەلاماردەر و لە بەرنگاربوونەوەی هێرشی ڕێژێم بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکاندا، هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەدا بوو. شەڕە حەماسییەکانی "هەژدە دۆلان"، "کەندەل"، "کانیەسوور" لە ناوچەی بانە و تێک‌شکاندن و تەفروتونا کردنی ستوونی ئەرتەش لە "دارساوێن"، شەڕەکانی سەر ڕێگای سەردەشت- بانە، سەردەشت – مەهاباد ، سەردەشت – پیرانشار و شارستێن بەشداریی ئازایانەی هەبوو. هەروەها دەست‌بەسەرداگرتنی پایەگای پردی بریسوێ، لێدانی پایەگاکانی ڕێژێم لە ناوشاری سەردەشت و بە تایبەتی پادگانەکانی خانەی موعەللیمان، بەسرێ، مەکڵاوێ، هەروەها شەڕەکانی چیای کەپری، کێوەرەش، مووسێ ، گەنمان، گەردنەی زمزیران، نموونەیەکی چووکەن لە فیداکاریی‌ فەرماندەی شەهید محەممەدی مینە هەللاج. شەهید محەممەد کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی بوو، لەنێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ناوچەدا خۆشەویست بوو. لە لای هاوسەنگەرانیشی جێگای ڕێز و حورمەتێکی تایبەت بوو. شەوی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٦٢ی هەتاوی لە دڵی تاریکیی شەودا، پێشمەرگە حەماسەخوڵقێنەکانی دێموکرات هێرشێکی گەورەیان کردە سەر بنکەی هێزە پەلاماردەرەکانی ڕێژێم لەنێو شاری ڕەبەت‌. لەو عەمەلیاتەدا زەبرێکی قورس لە بنکەی جاشەکانی جێگیر لە ماڵی عەوڵاغا و پایەگای پۆمپی بەنزین درا. شەهید محەممەد خۆی فەرمانده‌یی هێرشەکەی سەر پێگەی جێگیر لە پۆمپی بەنزینی دەکرد، پێگەیەک کە پێشمەرگەکان بە تەواوی دەستیان بەسەردا گرت و ئاگریان تێبەردا. بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا محەممەد قادرزادە (ناسراو بە محەممەد مینە هەللاج) بە دنیایەک ئاوات و ئارەزووەوە لەتەمەنی ٣٥ ساڵیدا شەهید بوو و گیانی لە ڕێگای ئازادی و بەختیاریی گەلەکەیدا بەخت کرد. گلکۆی ئەم شەهیدە لە زێدەکەی لە گوندی نستانە و وەکوو گڵکۆی هەزاران شەهیدی دیکەی کوردستان، شایەتی بۆ بوێری و فیداکاریی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات دەدەن.