کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان بەزێنەکانی ئێمە (شاکر باغی)

22:51 - 16 پووشپەڕ 2722

  شاکر باغی لە دایکبووی شاری وان لە باکووری کوردستان، یەکێکی دیکە لە زیندانییە سیاسییەکانی کوردە کە ئێستا لە زیندانی کاشمەر لە پارێزگای خۆراساندا بەند کراوە. شاکر باغی ڕێککەوتی ٢٠ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٨٦ لەسەر جادەی سنە- مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بە تۆمەتی ئەندامەتیی پارتی ژیانی ئازاد دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بەڕێ کرا. شاکر بۆ ماوەی چەند مانگ خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە شارەکانی سنە و کرماشان. دواتر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی قازی "حەسەن بابایی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" دادگایی و سزای ٣٠ سال زیندان و دوورخستەوە بۆ زندانی کاشمەر لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویی بەسەردا سەپا. شاکر ئەگەرچی تانەی لەو بڕیارە دا، بەڵام حوکمەکەی لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەشدا وەک خۆی پشتراست کرایەوە. ئەو زیندانییە سیاسییە لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لە زیندانی ناوەندی شاری سنەوە بۆ زیندانی کاشمەر دوور خرایەوە. شاکر باغی لەو ماوەیەدا وەک هەموو زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مافەکانی خۆی بێبەش بووە و بەوەش کە کوردی بەشێکی دیکەی نیشتمانی کوردستانە، هێزەکانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان پتر دەستیان بۆ ئازاردانی جەستەیی و ڕوحیی ئەو ئاوەڵا بووە. بۆ نموونە بنەماڵەی شاکر چەند جار لە شاری وان لە باکووری کوردستانەوە بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەیان دەهاتنە سنە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەو ئەو شارە ڕێیان نەدەدان چاویان پێی بکەوێ. ئەو دۆخە بۆ ماوەی ٦ ساڵ درێژەی کێشا و دواجار لە ساڵی ١٣٩٤دا بنەماڵەی شاکر پاش چەرمەسەری و هاتوچۆیەکی زۆر توانییان لە نیزیکەوە و ڕاستەوخۆ ڕۆڵەی بەندکراویان لە دەستی بێدادیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ببینن. شاکر لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "کرۆنا"دا و لە کاتێکدا زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان لە ئاستی ئێراندا بۆ مەرەخەسی نێردرابوون، بە تاوانی کوردبوونی وەک هەموو زیندانییە سیاسییەکانی دیکەی کورد لەو مافە بێبەش کرا و پاش تووشبوون بە کرۆنا لە مردن گەڕایەوە. بێ‌دەروەستیی وڵاتی تورکیەش لە بەخاوەن‌نەکردنی هاووڵاتیی وڵاتەکەی و بگرە هاودڵی و تەباییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە دۆخی هاوشێوەدا وای کردوە بارودۆخی کەسانی وەک شاکر باغی لەگەڵ چەند بەندییەکی سیاسیی بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک «کەمال حەسەن ڕەمەزان»، «عەلی ئەحمەد سولەیمان»، «سەردار ئازموش» و «حاتەم ئەزدمیر» لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەخت و تاقەت‌پڕووکێن بێت. شاکر باغی سەرەڕای خۆڕاگری و ئیمان بە ڕێبازەکەی لە زیندانییشدا کەسێکی چالاک و لەسەر هەستە. ناوبراو لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ڕێژیمدا کە لە کۆتاییەکانی زستانی ١٣٩٨دا بەڕێوە چوو، وێڕای کۆمەڵە بەندییەکی سیاسیی دیکەی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، خۆی و کاشمەر لە بەیاننامەیەکدا داوای بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکانیان کرد. لەو بەیاننامەیەدا هاتبوو کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆڕەپانە سیاسییەکانی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا گەیوەتە بۆنبەست و ڕەواییەت و شەرعییەتی ڕۆژ بە ڕۆژ کاڵتر دەبێتەوە، بۆیە بەتەمایە بە هاندنی خەڵک بۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا شەرعییەتی نەبوو بۆخۆی دەستەبەر بکا؛ بۆیە نابێ بهێڵین ئەو دەرفەتەی پێ بدرێ." بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە ئاوڕدانەوە لە دۆخی بەندییە سیاسییەکان بوو. لەو بەشەدا هاتبوو: "ئەوان دەیانەوێ ئێعدامەکان لەبیر خۆمان بەینەوە، پێ‌وشوێنی تەرم و شوێنی ناشتنی ڕۆڵەکانمان نەکەوین، ئاسەواری ئەشکەنجە جەستەیی و ڕوحییەکانمان بشارینەوە و بە بزە و پێکەنینەوە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان وێنە بگرین. ئەمە سووکایەتی بە خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و سەردەم و ڕۆژەکانی دیکەیە کە نابێ قەت لەبیر بچنەوە. ئەم بەشدارییە چەپڵەلیدان بۆ کەسانێکە ڕۆژ نییە کۆڵبەرێک و ڕۆڵەیەکی ئەو گەلە بەشخوراوە خەڵتانی خوێن نەکەن، بۆیە نابێ لەو تاوانەدا بەشدار بین." شاکر باغی تا ئێستا چەند جار بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دۆخی نالەباری خۆی لە زینداندا و راگیرانی لە بەندی تاوانبارانی ماددەی هۆشبەر ناڕەزایەتی دەربڕیوە. ئەو کاتی خۆی چووە ڕیزی مانگرتنی ٤٥ بەندکراوی سیاسی کە لە چلەی ئێعدامی "حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور" و "سمایل مامەدی"دا بۆ مەحکووم‌کردنی ئەو جینایەتەی ڕێژیم مانیان لە خواردن گرت. ئەو بەندییە زیندان‌بەزێنە تا ئێستا چەند جار داوایان لێ کردوە لە ئەگەری هاوکاری‌کردنی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەگەڵ بەندکراوی دی لە تورکیە بگۆڕدرێتەوە، یان تەنانەت لە زیندان ئازاد بکرێ؛ بەڵام کۆڵی نەداوە، سەری بەرز ڕاگرتوە و ئامادە نەبووە لەپێناو گیان و ژیانی خۆیدا خیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەی بکات. شاکر باغی پاش ١٤ ساڵ بەندکرانی بەردەوام لە ڕێکەوتی ٥ ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ نێردرایە مەرەخسیی پزیشکی، بەو مەرجەی لە شاری سنە دەرنەچێت