کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند پەیڤێک لەبارەی "سەرم داناوە لەسەر دڵت"ی کەریم تاقانە

22:53 - 16 پووشپەڕ 2722

  کاک کەریم تاقانە ساڵانێکی زۆرە کورتەچیرۆک و بابەتی ئەدەبی دەنووسێت و تا ئێستاش چەندین ڕۆمان و شانۆنامە و کتێبی شێعریی لە زمانی سوێدییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. «سەرم داناوە لەسەر دڵت»، نۆبەری شیعریی کاک کەریم تاقانەیە. شیعرەکانی نێو ئەم دیوانە وردیلەن، بەڵام ڕووبەری خەیاڵی شاعیر بێ‌سنوورن. لەگەڵ خوێندنەوەی شێعرەکاندا هەست بە بیرکردنەوەی قووڵی شاعیر دەکەی، لە مەڕ خۆشەویستی بۆ دایک، بۆ نیشتمان بۆ ژینگە، بۆ زمانی کوردی و بەهای جوانی و خەونەکانی مرۆڤ. سەرچاوەی بوون و فەزای ئەم شێعرانە، دەکرێ ژیان و ئەزموونی پڕ لە هەوراز و نشێوی شاعیر خۆی بێت، بەڵام بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە و بە زمانێکی تەواو شاعیرانەوە کە سپێتییش لەنێوان شیعرەکاندا دەکرێ هەڵگری مانای تایبەت بن. شاعیر ترپەی دڵی تێکەڵ بە ملوانکەی وشەی کوردی دەکات و لە کورتترین شیعری خۆیدا خۆشەویستیی خۆی بۆ دایکی نیشان دەدات و دەڵێ: "قاچی زەوی لەرزی لەوێ، دوو ئەژنووی من لێرە شکان. لەوێ دایکم ڕاچەڵەکا، لێرە هەناری دڵ داکەوت."   شاعیر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شەڕێکی تایبەت و دیاریکراو بکات، باس لە دیاردە و ئاکامی خراپی شەڕ دەکات و مەرگی مرۆڤەکان و وێرانیی سروشت و تاسانی هەموو جۆرە بوونەوەرێک لە بەریەک دادەنێت. شاعیر لێرەدا لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستییەوە فەنابوونی جوانییەکانی مرۆڤ و سروشت وەک یەک پێناسە دەکات و دەڵێ: "پووش و پەڵاش بە هەواوە شکا شان‌وملی دار تاسا سێوەلاسوورەی باخچە چنگی پڵنگ، گەرووی ئاسک دەبینم ڕێواسی سووتاو دەبیستم، لوورەی سەگ جەنگە."         لە ژینگەیەکدا کە فەزای ترس و زۆرداری حاکم بێت، دیوە سروشتییەکەی ژیان پێچەوانە دەبێتەوە، بەڵام شاعیر بێدەنگ نابێت و ئامادەیە لەپێناوی مانەوەی جوانییەکانی ژیان و ژینگەدا، باجی هەڵوێستەکانی خۆی بدات. ئاخر لای ئەو پرچی زێڕینی خۆر، چریکەی بولبول و باڵاکردنی درەختەکان، سەرچاوەی شێعر و ژیانن. وەک ئەوەی کە لە لاپەڕەی ٤٢ی دیوانەکەیدا دەڵێ: "دەست هەڵدەبڕم، قامکێکم لە گرەوی مەرگ‌دایە نایانەوێ خۆر پرچی خۆی دابهێنێ ئەو بولبولە بخوێنێ ئەو درەختە باڵا بکات من سەرم لە گرەوی مەرگ‌دایە باڵندەیەک بە دوای ڕاوچییەکەی خۆیدا دەگەڕێ زامێک، بە دوای تیرێکدا."   نەمریی مرۆڤ لەوەدایە، دوای مەرگی خۆی جوانترین دەنگ و ڕەنگ بێت لە یادەوەریی کۆمەڵگەدا. شاعیر نایەوێ لە پاش خۆی دەنگ و ئەوینی کاڵ ببنەوە. ئەو لەگەڵ فرمێسک و تەنیاییی خۆیدا کۆچ دەکات و چێژی خۆشەویستی لەپاش خۆی بەجێ دێڵێ و وەها باس لە مردن و هەرمانی خۆشەویستیی خۆی دەکات: "سبەی ڕەنگە هەڵمواسن فرمێسک و هەناسەم، بۆ خۆم دەنگی زوڵاڵم، بۆ تۆ تەنیاییم، توێشووی ڕێگەکەم ماچەکانم، ملوانکەیەک بۆ گەردنت."   لە ڕوانگەی شاعیرەوە، بەها گرینگە، بەهای ئەو شتە جوانانەی کە بەشێکن لە بوون و ژیانی تۆ. تۆ ئەو دەمەی حەسرەت دەخۆی و خەم داتدەگرێ، بەشێک لە بەهاکانی ژیانت لە دەست دەدەی. وەک ئەوەی کە دەڵێ: "درەخت پرچ دادەڕنێ بۆ ڕەگێکی وشکەوەبووی هەناوی خۆی شاخ سینگ دەکوتێ بۆ پۆلەکۆترێکی بێسەروشوێنی قەدپاڵی خۆی."   شاعیر، ئەزموونی ژیان لە گەڕان و نوێبوونەوەدا پێناسە دەکات و ئەمە بە بەشێک لە خەونی ڕزگاریی بوونەوەرەکان لە قەڵەم دەدات و دەڵێ: "ئەم قنگڵاشکە لەو سارایە گەلێک مارمێلکەی بینیوە؛ بە تەمای بێڵەکانەی خۆشەویستییە بێت قاچی لە زەوی هەڵکەنێ. ئەو کوچکە لە مێژ ساڵە لەو دەشتەدا ڕاکشاوە، خەون دەبینی، دەستێک دێت و هەڵیدەگرێ، فڕێی دەداتە نێو گۆمێک."   خەزان و هەڵوەرینی گوڵ و گەڵا، لای شاعیر تەنیا دیاردەیەکی سروشتی نین، بەڵکوو تێپەڕبوونی زەمەنە لە ژیانی هەریەک لە ئێمەدا، دابڕانمانە لە سەرچاوە و لانکەی خۆشەویستی. شاعیر بە حەسرەتەوە باسی ئەم کۆچ و لێکدابڕانەی دەکات و دەڵێ: "درەختی بەر دەرگا جێ دەهێڵێ و گوڵدانی بەر پەنجەرەم بە بەرچاوما ڕادەبوورێ دەگاتە لای سەعاتی دڵ لەوێ هەڵدەوەرێ زەمەن شەو شاد، پاییز!   ناکرێ شاعیر بیت، بەڵام  خەمی نان و ڕەنجی مرۆڤی هەژار و ئازاری مناڵان نەبینیت. شاعیر ئەو دەمەی لە بەرانبەر نایەکسانی کۆمەڵایەتیدا دەنگی هەڵدەبڕێت، شێعرەکانی دەبنە هەوێنی ژیان. هەر بۆیە کەریم تاقانە، لێرەدا جەخت لەسەر وشەی مرۆڤبوون دەکاتەوە و دەڵێت: "کێ مرۆڤە. کێ؟ ئەو ژنە شێوێ شک نابا کچۆڵە ئاو دەفرۆشێ باڵندەیەک تینوویەتی مرۆڤ کێیە؟ تۆ خوانەکەت ڕەنگاوڕەنگ ئەو کێڵگەی تاریکی تێراو دەکا من سێرە دەگرم لە گوڵەستێرە."   بە ڕای من کەریم تاقانە لەم بەرهەمە شێعرییەیدا جگە لە بەرهەمهێنانی دەقی شێعری، توانیویەتی جوانییەکانی وشەی کوردییش وێنا بکات. شیعر دەکرێ بەرزترین و ئەستەمترین ئاستی دەربڕین بێت لە زماندا، چونکە شاعیر لە ڕووبەرێکی بەرفروانتردا مامەڵە لەگەڵ وشەدا دەکات. شاعیر سەر بە هەر ڕەگەز و کولتوورێک بێت، دەبێ ئەوەی لەبیر بێت کە شێعر لە نێوەڕۆکدا لایەنی گەردوونیی هەیە. من ئەمەیان لە شێعرەکانی تاقانەدا بەجوانی دەبینم. خەمی ئەو، خەمی مرۆڤە، خەمی لەکیس‌چوونی بەها جوانەکانی ژیانە، فەرق ناکات لە نیشتمانی دایک بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکە.