کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندیی تەکووزیی "حیجاب" و "نان" پیرۆز و بەردەوام بێت

22:56 - 16 پووشپەڕ 2722

مزگێنی بۆ هەموو دانیشتووانی ئێرانی ئازیز و هەتا بڵێی خۆشەویست! مەبەست ئەو ئێرانییانەیە سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمە و کێشە و ئاستەنگییەکانی سەر ڕێگەی ژیانیان حەزیان لە ئێرانی‌بوونە. چ ئەوانەی لە شوێنی خۆشی وەک "ڕامسەر" و "چەمخالە" و "ئاستارا" هەوای پاکی ئێران هەڵدەمژن و چ ئەوانەی لە تاران لە بەر تەپ‌وتۆز و دووکەڵی بەلێشاوی ماشێنی‌ کۆن، پشوویان سوار دەبێت و زوو زوو جلی بەریان دەگۆڕن و، چ ئەوانەی لە خۆرهەڵات لە نۆرەی ئاواکردنی بڕە گازۆڵ و بێنزینێک بەرەو دیوەکەی دیکەی بەلووچستان، تەپ و تۆزی وشکەوەبووی "بەلووچستان"ی ئەم دیوە بە لاملیانەوە دەکەنە باگردێن و؛ چ ئەوانەی لە باشوور بە تەپ‌وتۆزی قامیشەڵانی وشک‌هەڵاتووی تێکەڵاوی بۆنی نەوت و گازی تەپۆڵکەی ئەملاوئەولای شاری "مەسجید سولەیمان" دەپژمن و دەکۆکن و چ ئەوانەی بە ناوی کۆڵبەر لە بانوو و شیو و دۆڵ و نزار و پاناوکی "بانە" و "سەردەشت" و "خانێ" و "شنۆ" و "مەرگەوڕ" لە ترسی فیشەکی برادەرانی "جان بەرکەف" سەرسمان دەدەن و بە سەر "گوێنی" و "گڕاڵک" و "قنجەزەردە" و "قاشاغ" و "سەلکەتەشی"یاندا دەکەون و بە سەر ئەژنۆی دڕاو و شانی داکەوتوو لەژێر قورسایی باری سەرشانیانەوە لە هەڵمەتی گوللـه ڕزگار دەبن و هەموو ئەوانەی دێوجامەی ڕەنگینی ئێرانی ئازیز و خۆشەویست پێک‌دەهێنن با لەم مزگێنیە خۆشە بێبەش نەبن! وەک گەنج و مەنج و جەوان و مەوان و خوێندەوار و موێندەواری ئەم سەردەمە  دەڵێن سەرۆک‌کۆماری ئێرانی‌خوازانی وشیار "سورپرایزێکی" بۆ هەموو ئەم ئێرانییانە پێ‌بوو. سوورپرایزێک لە هەموو موژدە و مزگێنیان خۆشتر و بەلەزەت و بەتام‌ترە. سەرۆک‌کۆمار هەر بەم نیزیکانە یانی چوار پێنج ڕۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم چەند دێڕەی لەبەرچاوتانە، بە لەبزی مومبارەکی خۆی ڕایگەیاند: "نرخی نان لە سەرانسەری ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە و گران نابێت." سوورپرایزێکی وا لەنێو ئەم هەڵچوونی بەپەلەی نرخی شتومەکەدا، بۆ هەموو دانیشتووانی ئێران هەر لە "سەرەخس" و "چەمخالە" و "ئاستارا " و "تاران" و "بەلووچستان" و "مەسجد سولەیمان"ـه‌وە بگره هەتا دەگاتە "بانە" و "سەردەشت" و "خانێ" و "شنۆ" و "مەرگەوەڕ" زۆر گرینگە. لە لایەکی دیکەوە هەر لەو سەروبەندەی سەرۆک‌کۆمار لە گران‌‌نەبوونی نان ئەرخەیانی کردینەوە، لە چەند شوێنێکی ئێرانی هەمیشە خۆش (ئاوەدان) و خۆشەویستمان، داوا لە ژن و ژاڵ و ئافرەت و مافرەتان کرا ئەگەر خۆیان جوان دانەپۆشن، با ئەوانەی کارمەند و کرێکار و دووکاندارن بڕۆنە ماڵەوە و خۆیان لەبەرچاوی پیاوان ون کەن و ئەوانەی کارمەندی دەوڵەتن با موڵەتی بێ‌مووچە لە بەرپرسی ئیدارەکانیان وەربگرن. لە پارێزگاکانی مەشهەد و فارس وەکوو دوو نێرکی (خاوەن) کولتووری چەند هەزارساڵەی ئێرانی گەورە، گوشاری سەر ژنان زێدەترە. شوکر بۆ خوا و سوپاس بۆ ئەو سەرۆک‌کۆمارەی خوا بۆی هەڵبژاردووین، هەموومان بیستوومانە نان لەمە زیاتر گران نابێت و نان‌خواردن بە نرخی ڕۆژ دەبێ بخەینە پاش گوێیان و ئەرگەر فەرمایشتی سەرۆک‌کۆمار درز و چڕژی تێنەکەوێت، هەتا ماوەیەکی درێژی نادیار یان ماوەیەکی کورتی ئەویش هەر نادیار هەر بە نرخی ئەمڕۆ نان دەخۆین. ئینشائەڵڵا هو ڕەحمان ئەگەر ئەم دۆلارە هیچ و پووچەش لەمە زیاتر نرخی نەچێتە بان و نرخی تومەنی خۆمان دانەبەزێت، فەرمایشتی جەنابی سەرۆک‌کۆمار وەک چۆن لووتکەی دەماوەند پشتی تارانی سیاسیی گرتوە، ئاوا پشتی چەقبەستنی نرخی نان دەگرێت. دوای ئەم لێدوانە کۆنکرێت و قورس و قایم و شادی‌بەخشەی سەرۆک‌کۆمار سەبارەت بە گران‌نەبوونی نان لە ماوەی ساڵی داهاتوودا و هاوکات گەرم‌بوونی هەوا و بان، داهاتووی ژنانی گەرمانەخواز و کەس‌وکاریان تووشی ئاستەنگێکی نوێ بووەتەوە و پێوەندیی نان و گەرمای بە شێوازێکی چاوڕوان‌نەکراو تێکەڵ و ئاڵۆز کردوە. ئاڵۆزیی ئەم بابەتە گەیشتووەته ئاستێک، نان‌خواردن لە فێنکاییدا چووەتە پشتی شێران و ئەگەر ئەم ژنانە لە ماڵەوە دانیشن و هەوای فێنکیان بوێت ئەوە لەبەر ئەوەی موڵەتی بێ‌مووچەیان وەرگرتوە، پارەی نان‌کڕینیان بە نرخی چەق‌بەستووش نابێت و ئەمەش دەکاتە برسی بوونی نێو فێنکایی و ئەگەر بە داپۆشراویش لە کاریان بەردەوام بن، ئەوا لەژێر فشاری گەرمادا سکیان تێر دەبێت. ئێستا ژنانی ئێران بە تایبەت ژنانی ناوچەی گەرمەسێر و  ئەو پیاو و منداڵانەی لەسەر مووچەی کارمەندی و کرێکاریی ژنانیش دەژین، ناچارن نان و ئارەقە پێکەوە بخۆن. تێبینی: مەبەست لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌كۆمار لە لایەن خواوە بە مانای ئەوەیە، ئەگەر وەلیی فەقیهـ لە سەر ئەم زەوییە نوێنەری خوا بێت، گومانی تێدا نییە بە وەکاڵەت و نوێنەرایەتیی خوا سەرۆک‌کۆمار هەڵدەبژێرێت و دەسەڵاتی موبارەکی لە سەرووی هەموو هەڵبژاردن و مەڵبژاردن و سندووق و مندووقێکەوەیە.