کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی جێژنی قوربان

19:18 - 17 پووشپەڕ 2722

بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی قوربان بە ناوی خۆم و هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی بە هەموو خەڵکی کوردستان دەڵێم و دەخوازم کە ڕۆژانی جێژن بۆ هەموو لایەک پڕ خێروخۆشی بێت. خەڵکی کوردستان لە هەلومەرجێکدا ئەو بۆنە ئایینییە جێژن دەگرن کە پتر لە هەموو کاتێک لەسایەی دەسەڵات و لە سۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە تەنگانەوە. کۆماری ئیسلامی بە بێبەش‌کردنی خەڵک لە مافە سیاسی و مەدەنییەکان، سەرکوتی ماف و داخوازە ڕەواو و ئینسانییەکان و، هەروەها قووڵ‌کردنەوەی زیاتری قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بارگرانییەکی پتری خستۆتە سەر شانی هەموو چین‌وتویژەکانی کۆمەڵگە. بەڵام خەڵکی کوردستان شانبەشانی گەلانی دیکەی ئێران بە تێکۆشانی بەردەوام و مانەوە لە سەنگەری بەرگریدا و بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و بندەستی تێ‌دەکۆشن. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی دەبێ شێلگیرتر لە جاران درێژەی هەبێ و، هەروەها پێی‌وایە کە سەرکەوتن لەو خەباتەشدا هاوڕیزی و یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکانی لە ئێران و کوردستان پێویستە. لە کۆتاییدا هیوادارم ئەم جێژنە، ڕۆژانی خۆش و هیوابەخشی بەدوادا بێ و یەکدڵی و خۆشەویستیی زیاتر لەگەڵ خۆی بەدیاری بێنێ.   خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠١