کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی بەربڵاوی ژنانی ئێران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر حیجابی زۆرەملێ

15:24 - 21 پووشپەڕ 2722

کۆمەڵێک لە چالاکانی کۆمەڵایەتیی و مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە ژنانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ کردوە کە ئەمرۆ سێشەممە بە بێ حیجاب لە شوێنە گشتییەکاندا کۆ ببنەوە. چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی داوایان لە ژنانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ کردووە کە لەو ڕۆژەدا کە ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕۆژی پاکی وحیجاب دیاریکردووە بە بێ حیجاب بچنە شوێنە گشتییەکان و بەوجۆرە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر بڕیارە نابەجێیەکەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیشانی خەڵک بدەن. لەو ڕۆژەدا کە دەوڵەتی ئاخوندی بەناوی ڕۆژی پاکی و حیجاب دیاریکردووە، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەیانهەوێت بەرنامە و پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاوی حیجابی زۆرەملێ لە شارەکانی ئێران بەڕێوە ببەن. بەپێی بەیاننامەی چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، دیاریکردنی ڕۆژێک لەلایەن ڕێژیمەوە بەناوی ڕۆژی پاکی وحیجاب، شێوازێکی نوێیە لە سەرکوتی خەڵکی ئێران بە تایبەتی سەرکوتی ژنان. لەبەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا کە واژۆی ١٢٠ چالاکی مەدەنی و مافەکانی ژنانی لەسەرە هاتووە کە، دیاریکردنی ڕۆژێک بەناوی ڕۆژی پاکی وحیجاب لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاش ٤٣ ساڵ دەسەڵاتداری، تەنیا نیشانەی ترسی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە لە هەستانەوەی گشتی خەڵکی ئێران بەتایبەتی ژنان بەدژی حکوومەتی گەندەڵی ئاخوندی.