کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕەوانەی ڕووسیە بکا

15:27 - 21 پووشپەڕ 2722

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەڵێ: بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، ڕێژیمی ئێران بەتەمایە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕەوانەی ڕووسیە بکا بۆ شەڕ بەدژی ئۆکراین. جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە، بەپێی ئەو بەڵگە و زانیاریگەلەی کە بەدەستمان گەیشتووە رێژیمی ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕەوانەکردنی خێرای سەدان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان، بەتایبەتی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە دەتوانن چەک بگوازنەوە بۆ ڕووسیە کە لەشەڕ بەدژی ئۆکراین بەکاری بێنێ. ناوبراو هەروەها وتیشی: ڕێژیمی ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕاهێنانی هێزەکانی ڕووسیە بەمەبەستی چۆن بەکارهێنانی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانە ئێرانییەکان. سالیوان لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران پێشینەی ئەوەی هەیە کە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بنێرێ بۆ میلیشیاکانی و وڵاتانی دەورووبەر، وەکوو نموونە باسی لەو فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانانەی ئێران کرد کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بەدژی وڵاتی عەرەبستان بەکاری دێنن.