کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: دەرگای وتووێژ بۆ ئێران لە چەند حەوتووی داهاتوودا دادەخرێ

16:13 - 22 پووشپەڕ 2722

وەزیری دەروەی فەرانسە دەڵێ: ئەگەر ئێران درێژە بە داواکارییە نابەجێیەکانی بدا ئەوە لەماوەی چەند حەوتووی داهاتوودا دەرگای وتوویژ بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام لەسەر ئێران دادەخرێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەروەی فەرانسە، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکەدا لەگەڵ یاسادانەرانی فەرانسە، سەرەڕای ئاماژە بە بێ ئاکام مانەوەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی و تۆمەتبار کردنی ڕێژیمی ئێران وتی: ڕێژیمی ئێران هەرجارە و داواکارییەکی نابەجێی دوور لە باس و بابەتی وتووێژەکان دێنێتە ئاراوە و ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەست لە زیدەخوازییەکانی هەڵنەگری ئەوە لەماوەی چەند حەوتووی داهاتوودا دەرگای وتووێژ لەسەر ئێران دادەخرێ. کاترین کۆلۆنا، لەدرێژەدا بەئاماژە بە بەردەوامیی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران وتی: ئەو کارەی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا قەبووڵ ناکرێ، بە هیچ جۆرێک ئیزن نادرێ کە ڕێژیمێکی سەرەڕۆ وەکوو ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی. لەلایەکی دیکەوە نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لەهەمبەر بێ ئاکام مانەوەی وتووێژە ناوکییەکان لە قەتەر وتی: ڕێژیمی ئێران ماوەیەکی زۆرە کە بەهۆی داواکارییە نابەجێیەکانیەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی و ئەو ڕێژیمە نایهەوێت لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانیی بگا بە ڕێککەوتن.