![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2022/07/photo_2022-07-13_09-32-28.jpg)
پاش کێشەکانی نێوان ئیسرائیل وحیزبوڵای لوبنان کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی لێدەکا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە هەڕەشەوە دەڵێ: کاردانەوەمان بەرانبەر بە حیزبوڵا ڕووخێنەر دەبێ.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێوەڕەسمێکی سەربازیدا سەبارەت بە هەوڵە تێکدارانە و تێرۆریستییەکانی حیزبوڵای لوبنان وتی: کاردانەوەی قورس و ڕووخێنەرمان دەبێ بۆ حیزبوڵای لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل دووبارە هێرش دەکاتەوە سەر لوبنان و حیزبوڵا دەبێ باجێکی قورسی هەوڵە تێرۆریستییەکانی بدا.
بێنی گانتس، سەرەڕای هۆشدار بە لوبنان هەروەها وتیشی: ئەگەر هەر جۆڕە هەڕەشەیەک لەسەر هاوڵاتییانی ئیسرائیل لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە هەبێ، ئەوە هەموو ژێرخانە ئابوورییەکانی لوبنان و گرووپی حیزبوڵا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەکرێتە ئامانج.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئیسرائیل خوازیاری شەڕ نییە بەڵام ئەگەر حیزبوڵای لوبنان درێژە بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی بەدژی بەرژەوەندییەکان و هاوڵاتییانی ئیسرائیل بدا ئەوە باجێکی زۆر قورس دەدا.