کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمن و چیرۆکی دیوارەکان

21:23 - 31 پووشپەڕ 2722

...لە کۆتاییدا بە هەوڵێکی زۆر توانیمان فڵچەیەک و هەندێک بۆیاخ بەدەست بهێنین بۆ ئەوەی بتوانین ناوی یانەی تۆپی پێیەکەمان لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی کۆڵانەکە بنووسین. خولیایەکی سەیرمان هەبوو، بۆ ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ دەنگی فیشەک و بۆنی خۆێن گەورە ببوون. تۆپی پێ تامێکی جیاوازی هەبوو، هەروەها جۆرێک لە خۆپیشاندان بوو لە نێوان گەورەکاندا، بەڵام سەختترین بەشی چیرۆکەکە هێشتا مابوو، دۆزینەوەی شوێنێکی چۆڵ لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی کوچەکە بۆ نووسینی تەنیا چەند وشەیەک. دیوارەکان جێیەکی ساغیان پێوە نەمابوو. جێی فیشەک لە هەموو شوێنێک بوو، تەنانەت لەسەر دەرگاکانیش. دەکرا وانەیەکی زانستی چەک لێرە بەڕێوە بچێ، لە فیشەکی "کڵاشینکۆف" و "بی کەی سی"یەوە ەوە تا پاشماوەی "قەناسە" و... ئەم شوێنانەش کە لە هێرشی فیشەک ڕزگاریان ببوو، پڕبوون لە نووسراوە و دروشمی ڕەنگاوڕەنگ. تریبونێک لە بیروڕای جیاواز. لە چەپی ڕادیکاڵەوە تا لاوانی موسڵمان، تودە، دێموکرات، کومەڵه و هتد. بەشێک لە دروشمەکان لەلایەن حکومەتەوە بە بۆیەی سپی داپۆشرابوون و دروشمێکی نوێیان لەسەر نووسرابوو، بەڵام دواتر بە هۆی باران و تێپەڕبوونی کات دروشمە کاڵ‌بووەکەی ئاشکرا ببوو. ڕێژەی دروشمەکان ئەوەندە زۆر بوو کە حکومەت کاتی سڕینەوەی هەموویانی نەبوو. بۆیە لەم دواییانەدا تەنیا ئەو دروشمانەیان دەسڕیەوە کە تازە نووسرابوون. دیمەنێکی زۆر سەیر بوو، لە هەندێک شوێن کە حکومەت گرنگی بە سڕینەوەیان نەدابوو، ئەوجار فیشەک لەنێو دروشمەکان درابوو و، بۆشایییەکی لە نێوان وشەکاندا سازکردبوو. ئەم دیوارانە باشترین شاهیدن کە ئاکامی گفتوگۆ و دیالۆگ لەم ڕێژیمەدا هەر لە سەرەتای سەقامگیربوونی تا ئەمرۆ، یان سڕینەوەیە یان  فیشەک! گۆشەی کۆڵانەکە پێشتر ماڵی شەهید "سولێمان موعەینی" بوو، کە چەند ساڵێک بوو لەم گەڕەکە نەمابوون. سەیر لەوەدا بوو کە پشکی دیوارەکانی ئەم ماڵە لە فیشەک زۆر زیاتر لە ماڵەکانی‌تر بوو، هەروەها لە دروشمەکانی"بژی دێموکرات" هەتا "بژی ڕێگای کرێکار". لەسەر تیر چرابەرقی تەنیشت ماڵەکە وێنەی پیاوێک بە جلی کوردییەوە بوو. بینای ڕوبەڕووی چیرۆکێکی تەواو جیاوازی هەبوو. نهۆمی دووهەمی شێوەیەكی سەیری هەبوو. پێش یەکێک لە پەنجەرەکانی دواتر بە خشت گیرابوو، دیاربوو كه ئەم خانووه نۆژەن كراوەتەوه. لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی 57 دا بڕیار بوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی "لاوانی موسڵمان" بۆمبێک لە کۆبوونەوەیەکی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکاندا بتەقێنێتەوە. بۆمبەکە بەر لە کاتی بەڵێندراو لە ماڵەکەدا تەقییەوە و لەبری خەڵکی بێتاوان ئەم کەسە خۆی تێداچوو. دیوارەکانی ئەم ماڵە کۆمەڵێک دروشمی جیاوازیان لەسەر بوو. زۆرێک لە دروشمەکان لەلایەن حکومەتەوە شێوێندرابوون، چەند گەڕەکێک لە خوارەوە ماڵی خوالێخۆشبوو "غەنی بلووریان" بوو، خانوویەکی جیاواز و لوکس‌تر لە خانووەکانی‌تر. لەو ڕۆژانەدا کە هەموو خانووەکان وەک یەک بوون، شێوە و سیمای ئەم خانوویە زۆر تایبەت بوو بۆ من. دەیانگوت لەلایەن ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام خێزانەکەی هێشتا لەوێ دەژیان. دیوارەکانی ئەم ماڵە چیرۆکی تایبەتیی خۆی هەبوو، هەرچەندە درێژایی دیوارەکە کورت بوو، بەڵام پڕ بوو لە دروشمی جیاواز. ئەم چەند میتر دیوارە بە تەواو مانا کتێبێک بوو. لەم چەند دروشمە سادەیەڕا دەتوانرا زۆر شت تێ‌بگەی، لە پیلانگێڕیی حیزبی تودە کە بووە هۆی لێکترازانی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات تا دەگاتە کاردانەوەکانی خەڵکی ئاسایی بەرامبەربەم ڕووداوە. دەکرێ هەر ئا لەو دیوارەدا ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی یەکەمی شۆڕشی ١٣٥٧دا بکرێت.  لێرەدا شوێنەواری زۆر کەس دەبینرێت، لە "پیکار" تا دەگاتە "فدائیان خلق" بە کەمینە و زۆرینە. ئەو میوانانەی کە دواتر بوونە دۆستی دوژمن و شەرەفی خانەخوێیان نەپاراست، ئەم دیوارانە و خاوەنی ئەو دیوارانە تاکە یارمەتیدەریان بوون، لە ڕۆژانێکدا کە هیچ شوێنێکیان بۆ ژیان نەبوو، بەڵام دواتر حاشایان لە هەموویان کرد. ئەوانەی کاغەز و ئامێری چاپ‌کردنیان لە خاوەن خانووەکە وەرگرت و دواتر لەسەر هەر ئەم کاغەزانە لە دژیان دەنووسی. ئه‌مانه‌ ئه‌و وێنانە‌ بوون كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ به‌رده‌م چاومدا ده‌هاتن، ماوه‌یه‌ك بوو كه‌ شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێو شارەکاندا لە کزی دابوو، و گواستراوبۆوە بۆ دەرەوەی شاره‌كان. پێشتر خەڵک بە دەنگی تەقە و تۆپ لە خەو هەڵدەستان و بە دیتنی دیمەنی کۆکردنەوەی تەرمە بەجێماوەکانی شەوی ڕابردوو و شۆردن و پاککردنی شوێنەواری خوێنی وشک‌ و رەق‌هەڵاتوو بە شەقامەکانەوە کۆتاییان بە ڕۆژەکەیان دەهێنا. ژیان لە شوێنێکی وادا بەبێ ئەوەی خۆت هەست بکەی یان بتەوێ هانت دەدا بەرەو سیاسەت مل پێوەنێی. هەندێک جار مرۆڤ ناچار دەبێت ئەو شتانە ببیسێت و ببینێت کە خۆی هەڵی نەبژاردوە. نە من و نە هاوڕێکانم و نە هیچ یەک لە دانیشتووانی ئەم کۆڵانە هیچ‌کات نەماندەویست "خوێن بڕژێ" یان  "بۆنی کەلاکی کۆن" بکەین یان دەنا گوێبیستی دەنگی هاژەی فیشەک بن. بەڵام ناچار بە بیستن و دیتنی هەرهەموویان بووین... . بە هەوڵێکی زۆر توانیمان شوێنێکی ساغ لەسەر یەکێک لە دیوارەکان بدۆزینەوە. خانوویەکی کۆن بە دیوارێکی قوڕە سواغەوە، درێژایی دیوارەکە زۆر کورت بوو؛ ئەم جۆرە خانووانە لە کاتی تەقە و شەڕدا زۆر پڕبایەخ بوون، دەگوترا ئەو خانووانەی کە "ڕووبەری سەر کۆلانە"کەی بچووکه لە خانووەکانی تر سەلامەتترن، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ هەرچی "ڕووبەری سەر کۆلان" گەورەتر بێت، خانووەکە زیاتر پەسندی خەڵکە.  لەسەر دیوارەکە هیچ دروشمێک نەبوو، ڕەنگە لەبەر ئەوەی دیوارەکە لە قوڕ دروست کرابوو یان ئەوەی کە دیوارەکە زۆر کورت بوو، تەنیا لە سەرووی دەرگا دارەکەی ماڵەکەوە، لە تەنیشت هەندێک کاشیی ڕەنگاوڕەنگەوە کە ناوی "الله"ی لەسەر نووسرابوو، وێنەی هەمان پیاو بە جلوبەرگی کوردییەوە دیاربوو. پێشتر گوتم کە ئەم وێنەیەم لە چەند شوێنێکی‌تری کۆڵانەکەمان بینیوە، بەهەر حاڵ توانیمان خاوەن ماڵەکە ڕازی بکەین؛ تەنها یەک مەرجی هەبوو، دەبا لە کاتی نوسینی ناوی یانەکەمان ئاگاداری بۆیاخ نەکردنی دەرگای ماڵەکە و وێنەی سەر دیوارەکە بین. ناوی یانەکەمان نا "هیوا". درەنگانێکی ئێوارێ ماندوو و شەکەت بەڵام دڵخۆش لە بەئاکام‌گەیشتنی پلانەکەمان چوومەوە ماڵێ. لە هاویندا کە زۆربەی کاتمان لە کۆڵان بەسەر دەبرد، بە دەگمەن دەگەڕاینەوە ماڵەوە، برسێتی و تینوێتی تاکە شت بوو کە ناچارمانی دەکرد سەردانی ماڵێ بکەین. لە سووچی حەوشەکەدا باوکم وەک هەمیشە گوێی لە ڕادیۆ گرتبوو، ئەمە کاری هەموو ڕۆژیی بوو، ئەنتێنە گەورەکەی ڕادیۆکە و دارەکەی نێوەڕاستی حەوشەکە ڕێگریان دەکرد کە ڕووخساری باوکم بەباشی ببینم، بەڵام بەڕوونی گوێم لە گریانەکەی دەبوو. لە نێوەڕاستی حەوشەکەدا شێرەی ئاوەکەم کردەوە و دەستم کرد بە ئاو خواردنەوە؛ تینوێتیم کە شکا، چاوەکانم کرانەوە، ئێتر ئێستا بەباشی دەمتوانی باوکم ببینم. فرمێسک بە چاوەکانیەوە و ڕادیۆ بەدەستەوە. چی دەتوانێت ئەوەندە دڵتەزێن بێت بۆ پیاوێک کە لە بەردەم شێرپەنجەدا کۆڵی نەدا و ساڵانێک بوو لەگەڵ بارودۆخی سەختی نەخۆشی و ئازاردا شەڕی دەکرد؟ بێ ئەوەی شێرەی ئاوەکە بگرمەوە، چوومە لای دایکم، ئەویش دەگریا. بەئارامی فرمێسکەکانی سڕینەوە و لە باوەشی گرتم. پرسیم چی ڕووی داوە؟ دەستێکی بە سەرمدا کێشا و ئارام وەڵامی دایەوە: باوکت ئەڵێ: دکتۆر قاسملویان کوشتوە! لەسەرەخۆ گەڕامەوە حەوشە و شێرەکەم گرتەوە. بێ‌ئەوەی هیچ بڵێم، چوومەوە بۆ کۆڵان. هێواش هێواش بەرەو دیوارە قوڕە سواغەکە ڕۆیشتم. هەرچەند گڵۆپی تیری چڕابەرقی پەنا دیوارەکە سووتا بوو و وڵات تەواو تاریک بوو، بەڵام بە هۆی مانگەشەو دەتتوانی بەباشی دەوروبەری خۆت ببینی. هیچ منداڵێک لە کۆڵان نەمابوو، دیوارەکان بێدەنگتر لە هەمیشە بوون، بۆیەی سەر دیوارەکە هێشتا تەڕ بوو؛ سەرم بەرزکردەوە و بێ‌دەسەڵات چەند چرکەیەک چاوم برییە کاشییە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەر دەرگاکە و وێنەی ئەم پیاوە کوردە کە ئێستا بەهۆی ڕەنگدانەوەی ڕووناکیی مانگەشەو دەدرەوشایەوە. یەکەمجار بوو سەرنجم دەدایە نووسینی ژێر وێنەکە: "بژی دوکتور قاسملوو..."