کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (حوسێن عوسمانی)

21:28 - 31 پووشپەڕ 2722

حوسێن عوسمانی، زیندانی سیاسیی کورد زیندان‌بەزێنێکی دیکەی کوردە کە لەم دەرفەتەدا و لەم گۆشەیەی ڕۆژنامەدا باسێک لە ژیان و خەباتی دەکەین و ئاوڕێک لە بارودۆخی لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا دەدەینەوە. حوسێن عوسمانی کە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی دراوەتێ، ئێستا خەریکی کێشانی ئەو حوکمەیە کە دوور لە ویژدان و دادپەروەری بەسەریدا سەپاوە. حوسێن عوسمانی ئیستا تەمەن ٦٣ ساڵە و خەڵکی گوندی "بایندرە"ی سەر بە شاری مەهابادە. ئەو کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا بەند کراوە، ئەندامەتیی ڕێکخراوی کۆمەڵەی دراوەتە پاڵ و بە تۆمەتی کاری تێکدەرانە دەسبەسەر و پەروەندەی لەدژی  دروست کراوە. ئەو ڕۆژی ١٢ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویپاش بانگ‌کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ئیدی دەستبەسەر کرا و نەگەڕایە ماڵێ. حوسێن پاش ماوەیەک بەندکران و ئەشکەنجە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەهاباد، بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپاس لە ورمێ گوازرایەوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ ماوەی ١٣ مانگ لە سللولی تاکەکەسیی گرتنەگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کرا، هەروەها لەو ماوەیە بەتەواوی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرا، ئەوە نەبێ تەنیا دوو جار بە تەلەفوونی ئیزنیان داوە پێوەندییەک بە بنەماڵەکەی بگرێت. حوسێن عوسمانی بەهۆی قورسیی ئەشکەنجەکان و ئەو جەزرەبانەی لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ دان‌پێدانانی زۆرەملێ چاشتبووی، بۆ ماوەی ٤ مانگ لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ خرایە ژێر چاوەدێری پزشکی؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش بە دەم دەرد و ئازار و ئاسەواری ئەشکەنجەکانی ئەوکاتەوە دەناڵێنێ و کەمترین مافی پێڕاگەیشتنی پزیشکیی بە لەبەرچاو گیراوە. حوسێن عوسمانی لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەگەڵ دوو بەندیی سیاسی دیکە بەناوەکانی "دیاکۆ ڕەسووڵ‌زادە" و "سابیر شێخ‌عەبدوڵڵا" بەبێ‌ هەبوونی پارێزەر، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی جەوادی‌کیا بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای ئەندامەتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵە و "بەشداری لە بۆمب‌نانەوەی ساڵی ١٣٨٩ی شاری مەهاباد" دادگایی کران و سزای بە ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوەیان بەسەردا سەپا. ئەو سێ زیندانییە تانەیان لەو بڕیارە دا و پاش ئەوەی پەروەندەکەیان بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی ٤٧ دیوانی بەرزی وڵات بەرز کرایەوە، بە بڕیاری ئەو دادگایە لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، حوکمی ئێعدامی حوسێن عوسمانی هەڵوەشا. پاس ئەو بڕیارە پەروەندەی حوسێن بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە نێردرایەوە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد.  سەرەنجام لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی جەواد غوڵامی لە خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویدا سزای ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی ورمێی بەسەر حوسێن عوسمانیدا سەپاند. ئەو حوکمە ڕۆژی ٢٢ پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٨ هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە، ئەوە لە حاڵێکدا کە حوسێن عوسمانی لە هەموو ماوەی بەندکرانی لە گرتنگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی هەر دوو دادگاکەدا، ڕاگەیاندبوو کە بێ‌تاوان گیراوە و ئەو تۆمەتانە کە دراونەتە پاڵی ئەسڵ و بنەڕەتیان نییە و لە سۆنگەی ئەشکەنجەی قورسەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە. بەڵام "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵزادە" دوو هاوپەروەندەی دیکەی حوسێن عوسمانی ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەدار دران. هاوزیندانییەکانی دیاکۆ و سابیر چەندین جار شایەتی ئەوەیان داوە کە ناوبراوان لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا دانیان بە تاوانی نەکردوویاندا ناوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش پێشتر چەند جار داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو کە حوکمی لەداردانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە هەڵوەشێنێتەوە و بوار بۆ دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەبێ دانپێدانانی زۆرەملی بەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان، بڕەخسێنێت. حوسێن عوسمانی کە لە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ەوە و دوای ١١ مانگ بەندکرانی لە زیندانی مەهاباد بۆ جارێکی تر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوور خرابۆوە، حەوتوویەک پاش ئێعدام‌کرانی سابیر شیخ‌زادە و دیاکۆ رەسووڵ‌زادە بردرایەوە ئیدارەی ئیتلاعات و هەڕەشەی ئێعدامکران و گۆڕانکاری لە بڕیاری پەروەندەکەی لێ کرابوو. حوسێن عوسمانی لە ماوەی بەندکرانیدا بە هۆی ئەشکەنجەی ڕوحی و جەستەیی و هەروەها بەساڵاچوویی تووشی زۆر نەخۆشی هاتوە و سەرەڕای ئەوەش لە پێدانی مەرەخسیی دەرمانییش بێبەبش کراوە، هەتا دواجار لە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا و پاش ٨ ساڵ بەندکرانی بەدانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو مەرەخەسیی درایە. بەڵام ئەسڵی ڕووداوەکە: ئەو سێ بەندکراوەی خەڵکی مەهاباد کە دوو کەسیان ئێعدام کران و ئێستا حوسێن عوسمانیی تەمەن سەروو ٦٠ ساڵ کە دەبێ زیاتر لە ٢٠ ساڵی دیکەش لە زینداندا بمێنێتەوە، بە تۆمەتی دەست‌تێداهەبوون لە تەقینەوەکەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەکاتی ڕێژەیەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەو شارە گیران. هەر دوابەدوای تەقینەوەکە محەممەد پاکپوور، فەرماندە هێزی ویشکانییەکانی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بکەرانی تەقینەوەکەیان لە عەمەلیاتێکدا خستۆتە دا و و کوشتوویانن. بەڵام سەرەڕای ئەو ڕاگەیاندنەش دوای سێ ساڵ سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵزادە گیران و تۆمەتی تەقینەوەکەیان خرایە پاڵ، لە حاڵێکدا بەپێی هەموو بەڵگەکان سابیر شێخ عەبدوڵڵا لە ڕۆژی ڕوودانی تەقینەوەکە لە زانکۆی تاران خەریکی خوێندن بوو.