کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریا ژیان: لە کوردستان ئالتێرناتیوەکە دیارە، خەڵک بەرنامە و ئامانجی حیزبەکانی خۆیانیان قبووڵە

05:37 - 16 گەلاوێژ 2722

ئاماژە: کە دەگوترێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندووە، بەشی زۆری ئەو زیندوویەتیە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەو بەشە لە ئێراندا دەگەڕێتەوە. تایبەتمەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان چین و کۆسپەکانی بەردەمی کامانەن؟ "کوردستان" بۆ تەتەڵەی ئەو بابەتە و کۆمەڵە سەرنجێکی دیکە لەسەر بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان دیمانەیەکی لەگەڵ بەرێز "وریا ژیان" پێک هێناوە. مامۆستا وریا ژیان ناوی خوازراوی یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کوردستانە.   مامۆستا وریا با ئەو پرسیارە بکەینە دەروازەی باسەکەمان کە کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چ جۆرە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتین و چۆن پێناسە دەکرێن؟ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هەناوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەڵدەقوڵن. بە ڕوانینێکی دیکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لقێکن لە کۆمەمەڵگەی مەدەنی و گووران و جۆری بیرکردنەوە و چالاکییەکەیان بەتایبەت لەم دوو دەیەی ڕابردوودا؛ پێوەندی ڕاستەوخۆی دەگەڵ بەجیهانی‌بوونەوە هەیە. جیهانی‌بوون کۆمەڵگەی مەدەنیی بەهێز کردوە بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگەی مەدەنی ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ کۆمەڵگەی سیاسی یان هەر ئەوەی پێی دەگوترێ حکومەت-دەوڵەت. بە شیوەیەکی گشتی کۆمەڵگەیەک کە سەندیکا، ئەنجوومەن، یەکیەتییەکان و ڕێکخراوە و دامەزراوەی سڤیل تێیدا چالاکن و کاریگەرییان لەسەر جۆری سیاسەت‌کردنی حکوومەتەکان هەیە، وەک کۆمەڵگەیەکی بەهیز و زیندوو پێناسە دەکرێن. ئەو چالاکییە کۆمەڵایەتییە خۆبەخشانە کە بە شێوەی ئاشیخوازانە بەدوای ئامانجەکانی خۆیانن، بەرگری لە خواستەکانی خۆیان دەکەن یان بەشێوازی جۆربەجۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕن دەبنە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەمە قۆناغێکە لە کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەرامبەر کۆمەڵگەی سیاسیدا. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەیەکی کاریگەری کۆمەڵایەتین کە بەودا دەتوانرێ خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵگە بە چین و شەبەنگی جۆراوجۆرەوە بگەن، کەواتە یەکێک لە پڕکاریگەرترین هۆکارەکانی ئاڵوگوڕ و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی مۆدێڕن دەبێتە بزوتنەوە کۆمەڵایتییەکان کە دەکرێ بە کەڵک‌وەرگرتن لێی لە خواستی کۆمەڵگە یان بەشێک، چینێک بگەین. بە پێناسەیەکی دیکە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک ئاکاری کۆمەڵگەن کە لەنێوان پێوەندی هاوبەشی نێوان تاکەکانی نێو کۆمەڵگە پێک دێن. ئاکاری گشتی، وڵامدانەوەی بەشێک لە خەڵک (کۆمەڵگەی مەدەنی) لەهەمبەر ڕەوشێکی تایبەتە، ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە لەنێوان ئاکاری بۆروکراتیک و هەڵسوکەوتی شۆڕشگێڕانە هەڵدەکەوێت بەو تایبەتمەندییە کە لەوەی یەکەم کەمتر و لەوەی دووهەم زیاتر ڕێکخراوترە و خەڵک بەم شێوازە بەدوای ئامانجەکانی خۆیانن.   لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هۆکار و ئەنگیزەی سەرەکیی سەرهەڵدانەکان لە ئێران و کوردستان چ بوونە، ئایا جیاوازییان لەتەک یەکتر هەبووە؟ دوای شەڕی ئێران و عێراق و هاتنەسەرکاری ئاغای ڕەفسەنجانی، حکوومەت بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی دابەزینی ئابووری دوای شەڕ و هەڵکشانی هەڵاوەسانی ئابووری تووشی قەیرانێکی زۆر بوو. لەو سۆنگەیەوە خەڵک کەوتنە تەنگانە و گوشاریان بۆ هات. هەر ئەمە بووە هۆی شکڵ‌گرتنی یەکەم بزووتنە جەماوەرییەکانی دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی و لە شارەکانی مەشهەد خەڵک لەهەمبەر ئەو هەمووە گرانی و هەڵاوسانە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتا وەرزێکی نوێ لە بزووتنەوەکان بە هاتنەئارای چالاکیی خوێندکارانی زانکۆ دەستی پێ کرد. ساڵی ١٣٧٨ ئەو ڕووداوانەی دوای داخستنی ڕۆژنامەی "سلام" ڕوویان دا بووە هۆی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تاران و ڕووداوی "کوی دانشگاه"ی لێ کەوتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ساڵی ١٣٨٨ و گزی و موهەندیسی‌کردنی هەڵبژاردنەکان و براوە ڕاگەیاندنی ئەحمەدی‌نژاد، ڕەوتێکی ڕاستەقینەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێ کرد کە بە بزووتنەوەی سەوز ناوبانگی دەرکرد. بەڵام دوای نزیک ساڵ و نیوێک ئەو بزووتنەوەیە بە گرتن و کوشتن و هەڵاتنی خەڵک لە زێد و نێشتمانی خۆیان بەتوندی سەرکوت کرا. دوایە دەگەینە دەیەی نەوەد کە دەیەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو. ئەمجارە داخوازییەکان و داواکارییەکان ئیدی وەک پێشوو نەمابوو و ڕادیکاڵتر ببوون، هۆکارەکەشی بۆ گوشارە ئابوورییەکان، داخرانی زیاتری کەشی ڕەخنە، هەستی بێهیوایی، گرانی و ...دەگەڕایەوە. ئەگە لە بزووتنەوەی سەوز درووشمەکان ئەمانە بوون: "دەنگی من کوا؟" یا "دەنگی من بدەنەوە"، لە خەزەڵوەر و بەفرانباری ١٣٩٦ و ١٣٩٨ درووشمەکان ڕێک ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی کردە ئامانج و خەڵک بەتێکڕا دەیانگوت: "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "مەرگ بۆ خامنەیی"، "نە غەززە نە لوبنان ڕوحم فیدای ئێران"! هەرچەند ئەم ناڕەزایەتییانە بێجگە لە بزووتنەوەی سەوز؛ مانگرتن و ناڕەزایەتی‌دەربڕینی کرێکارەکان، ماموستایان و خانەنشینان و... ناچنە خانەی بزووتنەوەکان و مانای ڕاستەقینەی بزووتنەوەیان لە بواری تیۆرییەوە نییە؛ بەڵام هەموو ئەو ناڕەزایەتییانە لە بواری ویست و داخوازییەوە دەتوانین بڵێین هاوبەشن و دەکرێ وەک بزووتنەوەیەکی بە خواست و ویستی هاوبەش بناسرێن. بابەتێکی دیکە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە، ئەم ڕابوونانە بەرەو بوون بە بزووتنەوە دەچن و بە واتایەکی دی ئەمانە بەربزووتنەوەن، کۆمەڵگەی ئێران بەرەو ئەوە دەڕوا قۆناغی بەربزووتنەوەکان بۆ بزووتنەوە سەرتاسەرییەکان تێپەڕێنێ. ئەنگیزەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناڕەزایەتییانەش بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا پرسی بژیوی ژیان، ئابووری و خواستە سیاسییەکانە، واتە هەبوونی نیزامێکی پلۆرالیزمی دێموکراتیک، خەڵک بتوانێ ئازادانە نوێنەرانی خۆی لە هەر نەتەوە و ئەتنیکێک بێ هەڵبژێری و داوا ڕەواکانی لەلایەن حکومەتەوە لەبەرچاو بگیرێن و وەرگیرێن. هەروەها لە تایبەتمەندییەکانی دەتوانی ئاماژە بەوە بکەین کە نزیک بە هەمووی ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتن و ڕابوونانەی کە ئاماژەمان پێ کرد نیشانەی ئەوپەڕی بێزاری و دژایەتیی خەڵکە لەگەڵ ڕێژیم و ئەو سیستەمە بۆروکراتیکە. بەشی هەرەزۆری ئەو جووڵانەوانە لە شێوازی نافەرمانیی مەدەنی کەڵک وەردەگرن لە حاڵێکدا هەڵسوکەوتی هێزە نیزامییەکان و پۆلیس بەتوندترین شێوە زەبروزەنگ و سەرکوتە و، هەوڵ دراوە لە دەفرایەتیی ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان باشترین و زیاترین کەڵک وەربگیردرێ. لە هەندێک حاڵەتیشدا چینە جۆراجۆرەکانی وەک ماموستایان و کرێکاران پشتیوانییان لە دواخوازییەکانی یەکتر کردووە کە ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن ئەم هێمایانە بەرەو بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەمان دەبا. جیا لەم ناڕەزایەتییانە کە بەشێوەیەکی گشتی لە ئاستی ئێران باسمان کرد، لە کوردستان هەر لە سەرەتاوە و لە سەردەمی دامەزرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ناڕەزایەتی و ڕاوەستان لەبەرامبەر زوڵم و زۆریی ناوەند و لەبەرچاو نەگرتنی مافی گەلی کورد (هەڵبەت هەموو گەلانی دیکەش) بە شێوازێکی سیاسی بوونی هەبووە. ئەگە بمهەوێ باس لە چوار نموونە بکەم، دەبێ باسی کوژرانی شوانە سەیدقادری بکەم لە ساڵی ١٣٨٤ کە ئەم جینایەتە دژکردەوەی خەڵکی بەدوودا هات. ناڕەزایەتییەکان لە مەهاباد دەستی پێ کرد و شار و ناوچەکانی دەوروپشتی گرتەوە و بەرەو بزووتنەوەی سەرتاسەری کوردی دەچوو، کە دیارە بەتوندترین شێوازی مومکین سەرکوت کرا. بەڵام خەڵکی کورد دوای ئەم ڕووداوانە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ مانگرتنی سەرتاسەریی بازاڕیان ڕادەگەیاند، هەم بە نیشانەی ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهید د. قاسملوو و هەمژی جۆرێک ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە هەمبەر ئەو تیرۆرە دەوڵەتییە. لە ساڵی ١٣٩٤ ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە "هوتێل تارا" لەهەمبەر خۆکوشتنی کچێکی کارمەندی هوتێل بەناوی "فەریناز خوسرەوانی" لە مەهاباد دەستی پێ کرد و شارەکانی دیکەشی گرتەوە و چەند ڕۆژ بەردەوام بوو. یان دوای هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، دوای چوار ڕۆژ لەسەر داوای کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی سیاسیی کورد خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان دووکان و بازاڕیان داخست و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەم کارە قیزەونە مانیان گرت. ئەنگیزە و تایبەتمەندی هەموو جووڵەکانی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە، واتە کورد خوازیاری ئازادی و مافەکانی خۆیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش تێ‌دەکۆشێ. ئەمە لە هەموو بۆنەکانی تەنانەت ساڵانەش وەک نەورۆز دەردەکەوێ و دەبینین کە خەڵک هەموو دەرفەتێک بۆ هێنانەئارای ویستی ڕەوای خۆیان دەقۆزنەوە.   جیا لەم باسانەی جەنابت ئاماژەت پێ کردوە، ئایا ڕادەی بەشداری و مانای بەشداری هەتا چەند بووە و ئەم دوو ئێلێمانە لەنێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان هەبووە؟ سرووشتییە ڕادە و ئاستی بەشداری بۆ ئامانجەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتنە. سەرەتا دەبێ "سەمەنەکان" (ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی)، ڕاگەیاندنەکان، ڕووناکبیر و چینی هەڵبژاردە ئەو ڕوحییەتە لەنێو خەڵکدا بەرنە سەر و بیبەنە ناخی کۆمەڵگەوە، بەداخەوە ئەوەی ئێمە ئێستا دەیبینین -جگە لە بزووتنەوەی سەوز نەبێ کە لە قۆناغێ جۆراوجۆردا چەند میلیۆن کەسی هێنایە سەر شەقام- ڕادەی بەشداری مەخابن ئەوەندە کەمە هێزە سەرکوتکەرەکان خێرا کۆی دەکەنەوە و کۆتایی پێ دێنن. مانای بەشداریی خەڵکیش لەبەر هۆکارگەلی وەک ترس کە چۆتە ناخی کۆمەڵگە و هەناوی خەڵک جا ئەو ترسە لە گرتن، کوژران، شەڕی نێوخۆیی، دابەش‌بوون و هەروەها نەبوونی وێژمانێکی هاوبەش و جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بۆتە خۆرە و ڕەنگبێ مانای بەشداری لە ئاستێکی کەمدا وێنا بکات. لە بەختی باشی ڕێژیم هەنووکە کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوە سیاسییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی گشتی لەوپەڕی پاسیڤیسم، پەرش‌وبڵاوی، کێشەی نێوخۆیی، دژایەتی بۆچوونی یەکتر و پرسی ئەتنیکەکان و...دایە. ئەمە بۆتە لەمپەڕێک بۆ یەکیەتی و یەکگرتووی خەڵک و لایەنەکان بەو حاڵە جگە لە ڕێژیم کەس براوەی مەیدان نییە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان لانیکەم دەبێ ١٥٪ی خەڵک لە مەیداندا بن و مانەوەی ئەو ڕێژەیە لە شەقامەکان تەمەنی ڕێژیم کورت دەکا. بەڵام هەتا گەیشتن بەم ڕێژەیە ڕەنگبێ ماوەی زۆری مابێ.   بەپێی ئەو کاروچالاکییانەی جەنابت لەناوخۆ هەتانە و دەیکەن هەندێک باسی ئەزموونی خۆتان لەهەمبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. بە سەرنجدان بەوەیکە کار و چالاکییەکانی ئێمە سنووردارە بەڵام بەوحاڵەش بەردەوام بەدوای ویست و داخوازییەکانی گەلەکەماندا بووین. ئەو داوا ڕەوا سیاسیی و کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەی هەموو گەلێک دەبێ هەیبێ، زۆرمان هەوڵ داوە بە ڕێگای یاسا و بەپێی بەند و بڕگەکانی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی بچینە پیش، ئەوەی پێی دەگوترێ لە چوارچێوەی یاسا بەڵام مەخابن هەربەپێی یاسای خۆشیان دەگەڵمان ناکەن! بەپێی ماددەی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی دەیان جار هەوڵمان داوە ڕێپێوانێک بەمەبەستی جۆراوجۆر وەڕێ بخەین بەڵام نەبووە یان مادەکانی ١٥، ٢١ و ...هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بەڵام بەخۆشییەوە لە هەموو شارێکی کوردستان خەڵک ئۆگری کار و چالاکییەکانمانە و بەردەوام پشتیوانیمان لێ دەکەن و هاوکار و یارمەتیدەرمانن. من بۆخۆم چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا و ئیتلاعاتی سیاسی گیراوم و بانگ کراوم بەڵام خەڵک و کۆمەڵگە بۆم لەسەر خەت بووە و بەردەوام پشتیوانمان بوون. هەوڵی خەڵک بۆ هێنانەدیی یەکیەتی و یەکگرتوویی هێز و لایەنەکان و ڕاکێشانی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرشەقام جێگای ڕێز و سپاسە. لە دوایەمین ناڕەزایەتیی مامۆستایەکان (٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠١) لەهەمبەر ڕەوشی بژیوی ژیان و ڕێکخراویی خۆیان هەروەها بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی ماددەی ١٥ و خوێندن بە زمانی دایکی لە شاری سەقز (هەڵبەت لە زۆر شاری دیکەش) درووشمی مامۆستایەکان ئەم دوو دێرە بوو "چاکە هەموو ڕابین... هاوڕێ وەرە هاوڕا بین". خەڵک لە سەرشەقام بەپێچەوانەی ئۆپۆزسیۆنی ئاڵۆز و نایەکگرتوو بە یەکیەتی و تەبایی داوای خواستەکانی خۆیان دەکرد. هەموومان دەزانین گۆڕانکاری لە سەرشەقام و بەردەوام‌بوونی ناڕەزایەتییەکان دەکرێ؛ هەڵبەت هەرچەند حەشیمەت زیاتر بێ تێچووی کۆکردنەوەی زیاتر دەبێ.   ئایا ئەو جۆرە بزووتنەوانەی بەشێوەیەکی گشتی بەبێ لیدەر و سەرکردایەتیی تایبەت ڕێک‌دەخرێن، دەتوانن بە ئامانج و ئاکامی خۆیان بگەن؟ سرووشتییە بزووتنەوەی بەبێ سەر ناتوانێ بە ئامانجە بەرزەکانی خۆی بگا، خەڵک جیا لە ئۆپۆزسیۆنی ئاڵۆزی پڕ دەعییە، لە دەوری ڕێکخراو و دامەزاروە سێنفی، ژینگەیی، کولتووری، کرێکاری، زمانی، سیاسی و... نێوخۆی وڵات کۆ دەبێتەوە یان لە دەوری کەسایەتییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری ڕوانین و بیرکردنەوەی کۆ دەبێتەوە و لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی پێکهاتەگەرایانە دەدا. هەڵبەت لەم نێوەدا لایەنی دواکەوتوو و دژە بەها دێموکراتیکەکان لەبەر گوشاری زۆری دەسەڵات و پەشیمان‌بوونەوەی خەڵک بۆ ڕابردووی خۆیان بەناوی سەڵتەنەت بوونی هەیە کە لەم ڕەوشە کەڵکاژۆ وەردەگرێ و دەخوازێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی هەندێک لەو خەڵکە وەزاڵەهاتووە بێ، ئەم لایەنە بە دیاریکراوی لە پەراوێزی ئێران و بەتایبەت لەنێو کوردان هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و لە شارەکانی ناوەند و مەزنەکانیش ئەوەندە زۆر نین خێرا ببێتە بەدیل. هەروەک باسم کرد بەشێک لە خەڵک لەداخی ڕێژیمی مەلاکان ئەو درۆشمانە دەڵێنەوە و کوڕی شا لێی بووەتە ڕاستی و پێی وایە ئیدی ئەوە خەڵک بەو چەند درووشمە چەند دەکەسییە خۆی و باب و باپیریان لاپەسندە! واتە ئەو دژکردەوەی خەڵکیش هەر جۆرێک ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر ڕەوشی گشتیی وڵاتە و بە دژایەتی دەستەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئەوە دەکەن، خواستی بەشی هەرەزۆری خەڵک نیزامێکی دێموکراتیکی ناموتەمەرکزە و من دڵنیام لە داهاتوودا و بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتە ناڕەزایەتییە بۆخۆی سەرکردە و ڕێگای خۆی دەبینێتەوە. هەڵبەت لێرەشدا کوردستان لەگەڵ باقی ناوچەکانی ئێران جیاوازی هەیە و بە سەرنجدان بەو هەمووە خەبات و تێکۆشانە، نەبوونی ڕێبەری و سەرکردایەتی و تەنانەت ڕێکخراوێکی تەکووزمەند بەرچاو ناکەوێ و هەموو ئەو پێویستییانە بوونیان هەیە و ئەو حیزب و ڕێکخراوانە هەرکامیان بەپێی سەنگ و وەزنی خۆیان پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەیە. ئێستاش لە کوردستان و بەشێوەی هێمایی چەند شار لە کوردستان وەک کرماشان، سنە، مەریوان و سەقز بوونەتە سەنگەری سەرەکی و سەرتاسەری بزووتنەوەکان و لە بواری نەتەوەیی، سنفی، ڕێکخراوەیی و... فرەچالاکانە دەجووڵێتەوە. لە کوردستاندا ئالتێرناتیوەکە دیارە، خەڵک بەرنامە و ئامانجی حیزبەکانی خۆیانیان قبووڵە، گەیشتن بە ئامانج پێویستی بە هیوایە و خەبات و تێکۆشانە و هەرچەندە سیاسەت و دیپلۆماسی نێودەولەتی ڕۆڵێ بەرچاوی هەیە بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ باوەڕمان بە سەرکەوتن هەبێ.   ئاڵنگاری و کێشە و کۆسپەکانی سەرەکی بەردەم بزووتنەوەکان لە چیدا دەبینن؟ ئەم پرسیارە بە دوو ڕوانینی جیاوە دەبێ وڵام بدرێتەوە، یەک وەک چالاکێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو وەک کەسێک کە لە جوغرافیای ئێراندا دەژیت. لە کوردستان لەبەر ڕەوشی تایبەتی نێوخۆ، کێشە و گرفتی بژیوی ژیانی خەڵک، نەبوونی پشتیوانیی ماڵی، هزری، بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ و بەڕۆژ و زانستی لەوانە گرنگتر نەبوونی یەک گوتاری و یەکێتی و یەکگرتوویی هێزە کاریگەرە کوردییەکان، دەکرێ وەک مەزنترین کێشە و کۆسپەکانی بەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە بکرێن. لەلایەکی دیکەشەوە سەرکوتی بێبەزەییانە، گرتنی بەکۆمەڵی خەڵک، هەرەشە و نەبوونی تەشکیلاتێکی بەهیز بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە لە ئالنگارییە جددییەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتن. لە نێو ئێرانیشدا و بەتایبەت لە ناوەند وەک هێزێکی جەماوەری بەجووڵە، ترس لە شەڕ، ترس لە دابەشبوونی ئێران، ترس لە گرتن و ئەشکەنجە و هەڵاتن و تەرکەوڵات، ترس لە پشێوی و لەوانەش گرنگتر نەبوونی وێژمانێکی هاوبەش و چەند بەرەکی بۆ لە دەوری یەک کۆکردنەوەی هەموو شەبەنگە جۆراوجۆرەکان، دەتوانم ئاماژە بکەم. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بلێم بەگشتی خەڵکی ئێران تووشی جۆرێک "لەخۆ نامۆیی" بوونە وەک ئەو پێناسەیەی مارکس دەیکا بەو جۆرە کە، تاکی کۆمەڵگە لەبەر ئاڵۆزیی ئابووری و کیشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە سرووشتی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و گەیشتوونەتە لەخۆنامۆیی. بۆ نموونە کرێ خانووبەرە، دووکان، دەواودەرمان، منداڵ، خێزان، بیمە، خواردن و خواردنەوە و هەموو بازار بە گشتی تێچوویەکی ئەوەندە زۆر بووە و نرخی کەلوپەلەکان ئەوەندە زیادی کردوە خەڵک لەبەر دەردی خۆی ئاگای لە هیچ نەماوە و توانای بیرکردنەوەی لێ ستێندراوە.   وەک دواپرسیار. قسەیەک هەیە کە دەگوترێ، هەتا کۆمەڵگەی ناوەند بە شێوەی گشتی هەڵنەستنەوە، پەراوێز وەک ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان هەڵوێستیان نابێ. ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئایا لە ئێران هەبوونی ئەو هەمووە جۆراوجۆرییە هەڕەشەیە؟ من لەگەڵ ئەمەدا نیم، ئەزقەزا پەراوێز زۆر زیاتر لە ناوەند چالاکترە، ئێمە بە شێوەی مامناوەندی ڕۆژانە چەندین ناڕەزایەتیمان هەیە کە لە ناوەند بەو باڕستاییە نابینرێ یان زۆر کەمە، ئێستا ناوەند ئەو هەژمونییەی پێشووی نەماوە. لە زۆربەی ناوچەکان بزووتنەوە نەتەوەییەکان بەهێز بوون و داوای مافی خۆیان دەکەن، هەر ئەو ڕوانینەی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەند وای کردوە ئەوەی ئێوە دەڵێن پەراوێز زۆر بە گوڕوتینتر بێنە مەیدان و داوای ڕەوای خۆیان لە شەقامەکان هاوار بکەن. هەتاکوو ئێستا ناوەند نەیتوانیوە سیستەمێکی دێموکراتیک دابمەزرێنێ کە هەموو نەتەوەکان خۆیان تێدا ببیننەوە و لەم بەشەدا شکستیان خواردوە، بۆیە پەراوێز بەبێ‌ گوێدان بە ئەوان کاری خۆی دەکا. دیارە بوونی جۆراوجۆری ئەتنیکی لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکان دەرفەتە و بەپێچەوانەش لە حکومەتە توتالیتەر و دیکتاتۆرەکان هەڕەشەیە. مەگەر نەتەوەکانی ئێڕان جیا لە دێموکراسی و سیستەمێکی حوکمرانی دادپەروەرانە کە مافەکانی خۆیان بەشێوەی فێدراڵی تێدا ببیننەوە چی دیکەیان دەوێ؟ ئایا ئەمە ڕەوا نییە؟ دەبێ ناوەند ئەوە بسەلمێنێ بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی هاوبەش دەبێ ڕێز بە خواستە مەشروع و دێموکراتیکەکانی نەتەوەکانی ئێران دابنێ، بەدڵنیاییەوە یەکگرتوویی نێوان ئێمە و ئەوان نەمانی ئەم سیستەمە خێراتر دەکا و هەموومان قازانجی لێ دەکەین.