کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئەگەر پرسی سەربەخۆیی ڕۆژەڤی جووڵانەوەی کورد بێت، مێژوو پێمان دەڵێ ئەوە حیزبی دێموکراتە خاوەندارەتیی دەکا

06:03 - 16 گەلاوێژ 2722

ئاماژە: ماوەی چەند ساڵێکە چەندین قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرۆکی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئێرانی گرتووە، بەو تایبەتمەنییە کە کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی چارەسەرکردنیانی نییە. هەر بەو هۆیەشەوە زیاتر لە پێشوو لایەنە سیاسییەکانی ئێران بە گشتی وەخۆ کەوتوون بۆ پاڵپێوەنانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی داهاتووی ئێران. لەو بارەوە دوو حەوتوو لەوەپێش میتینگێکی بەربڵاو بە بەشداریی زیاتر لە یازدە هەزار کەس بە کورد و غەیرە کوردەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کلاب هاوس بۆ کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هات، لەم وتووێژەدا ئەنجامەکانی ئەو متینگە لەگەڵ بەڕێزیان باس دەکەین.   کاک خالید وەکوو دەگوترێ لەسۆنگەی باشییەکانی دنیای ئینترنێت و تێکنۆلۆژی ئەو دەرفەتە بۆ ڕێبەرێکی کورد -کە جەنابت بی- دەڕەخسێ ڕاستەوخۆ ڕوو بە ئێرانییەکان لە کڵاپ هاوس قسەیان بۆ بکەی و ڕوانگەی کوردیان بۆ باس بکەی. بە گشتی ڕوانگەی خۆت چییە لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کە لە کڵاپ هاوس بۆ جەنابت گیرا؟ پێشەکی هەروەکوو لە نێوەرۆکی پرسیارەکەی جەنابت‌ڕا دیارە، دەقیقەن ڕێک لەو چوارچێوەیەدا بوو کە ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان بەگشتی، درگای دیالۆگ بکەینەوە و باش لێک حاڵی بین. سروشتییە کە ئێمە کاتێک باسی بەرنامە و نەخشەڕێی خۆمان بۆ داهاتووی ئێران دەکەین، خەڵکانێک هەن ئەوانیش بەرنامە و نەخشەڕێی خۆیان هەیە، ئەوانیش ڕێگاچاڕەیان هەیە، ئەوانیش بە قەولی خۆیان باوەڕیان بە سازوکاری خۆیان هەیە، دەیجا سروشتییە لە حاڵەتێکی ئاوادا ئێمە دەڵێین ئێران سووڕەتی مەسەلەکەیە و بەو جۆرەیە: فرەچەشنە، جۆراوجۆرە لە بواری ئیتنیکی و ئایینیدا، و دەبێ وەکوو ڕاستییەک قبووڵی کەین. ڕێگاکەشی ئەوەیە لەگەڵ یەکتر لە دیالۆگ ووتووێژدا بین. دەبێ چاوەڕوانی ئەوەشمان هەبێ، کە ئەو کەسانە وەکوو ئێمە بیر ناکەنەوە، ڕێگاچارەی خۆیان هەیە و لە ئاکامدا ئەو باسانە دێنە پێشێ. لە ڕوانگەی خۆمەوە کۆبوونەوەیەکی باش بوو. ئێمە زۆرجار گوتوومانە کە لە حیزبی دێـموکراتدا لەسەر ئەوە جەخت دەکەینەوە کە مادام بەدوای چارەسەری کورد لە ئێراندا دەگەڕێین، ئەو مەسەلەیە تەنیا بە خۆمان چارەسەر نابێ. جا ئەگەر وایە خەڵکی زۆر لە ئێراندا هەیە، وەکوو ئێمە پێیان خۆشە لە ئێراندا دێـموکراسی هەبێ، وەکوو ئێمە پێیان خۆشە لە ئێراندا ئازادی هەبێ، لەو چوارچێوەیەدا بەشێکی زۆر لەوانیش پێیان خۆشە ئەوانی دیکەش مافی خۆیان هەبێ. ئەوانە هەمووی شتی گشتین. کاتێک دەڵێین دێموکراسی پێم‌وایە هەموو کەسێک دەڵێ دێموکراسی باشە. کاتێک باسی ماف دەکەی زۆربەی هەر زۆری کۆمەڵانی خەڵک دژی ماف نین. بەڵام ئەدی بۆ سیاستمەدارێک ڕێکارە عەمەلیەکان چین! لەو کۆبوونەوەیەدا کە دەهاتنە سەر بواری جۆراوجۆر، بەنیسبەت ڕێکاری عەمەلیی ئێمە پرسیاریان دەکرد، من بۆم باس دەکردن، لە زۆر شوێنی دێکە پرسیاریان دەکرد. دیسان ئەرکی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات ئەوە بوو ئەوانە باس بکەین. هۆیەکەشی ئەوەیە نابێ چاوەڕوانیمان هەبێ کە هەموو ئێرانییەکان بەگشتی وەکوو خۆمان لە مەسەلەکە تێ‌بگەن. ئەگەر، ئەو بەرداشتەمان هەبێ هەڵە دەکەین. ئەگەر وایە دەبێ تێ‌بکۆشین مەسەلەی خۆمانیان بۆ ڕوون بکەینەوە.   کاک خالید ڕوانگەیەک هەیە دەڵێ، لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا بەرانبەر بە مەسەلەی کورد، هەیانە گاردێکی زۆر توند دەگرن، هەیانە نازانێ، شارەزای سیاسەت و مێژوو نییە، بەڵام هەیانە زۆر بەباشی شارەزای سیاسەت و مێژووە لە ئێراندا و بەتایبەتی باش لە مێژووی سیاسەتی کوردیش ئاگادارە بەڵام ئەوانە گاردگیرییەکی زۆر توند دەکەن، ئامادە نین بە هیچ جۆرێک دان بە مەسەلەی کورد دابنێن، لەو کۆبوونەوەیەشدا شتی وا لە ئارادا هەبوو، لەو بارەیەوە ڕای جەنابت چییە؟ ئەو گاردگرتنە ڕاستە و هەست پێ دەکرێ، لەو کۆبوونەوەیە بەربەرینەشدا هەستم پێ کرد. من پێم‌وایە دوو هۆی هەیە. هۆی یەکەم کۆماری ئیسلامییە کە ئاگاهانە و بە بەرنامە دەیهەوێ لە مەسەلەی کورد و جووڵانەوەی کورد، وێنایەک دروست بکا کە کورد و بەرنامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران هەڵوەشێتەوە و ئێران تەجزییە ببێ. ئەوەی کۆماری ئیسلامی، ئاگاهانەیە، بە بەرنامەیە و هەمیشە تێ‌دەکۆشی کە بڵێ حیزبی دێـموکرات یا جووڵانەوەی کورد پێوەندی بەم یان ئەو دەوڵەتەوە هەیە، هی ئەوان ئاگاهانەیە. هێندێکیشیان بەڕاستی نیگەرانن، من ئەوەی بەڕاستی بە ئاگاهانە دانانێم. هێندێکیان نیگەرانن کە ئێران چیی لێ دێتەوە. هێندێک لەوانە هەروەکوو ئاماژەم پێ کرد، وەکوو ئێمە باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە، باوەڕیان بەوە هەیە کە لایەنی جۆراوجۆر چ وەکوو تاک، چ وەکوو گرووپ و میللەتەکان مافیان هەبێ، بەڵام ڕەنگە بەرنامەی ئێمەیان زۆر لێ ڕوون نەبێ. بەشێک لەوانە کە نیگەرانن، حەقی خۆیانە پرسیار بکەن بڵێن، ئەو فیدڕالیزمەی کە حیزبی دێموکرات باوەڕی پێی هەیە و دەیەوێ لە داهاتوو ئێرانی پێ ئیدارە بکات، ئەوە چۆنە بۆمانی ڕوون بکەنەوە بۆمانی باس بکەن! من ئەو نیگەرانییە بە شتێکی سەیر دانانێم. ئەوە بۆ ئێمە ئەرک دروست دەکا و ئەو کۆبوونەوەیە ڕێک لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەدا بوو کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و من لەوێدا، ئەوانە باس بکەم. یانی زۆرتر بەردەنگی من ئەو بەشە لەو خەڵکەیە کە وەکوو ئێمە دێموکراسییان پێ باشە، بەدوای مافدا دەگەڕێن، بۆ داهاتووی ئێران بە پەرۆشن، بەڵام ڕەنگە بەباشی لە بەرنامەکانی ئێمە نەگەن.   کاک خالید باسی کۆماری ئیسلامییت کرد و  ئەو تەیفە کە نیگەرانن و دەیانەوێ بزانن، بەڵام بەشێکی دیکە وەکوو عەرزم کردی زۆر باش ئاگاداری مێژووی ئێمە و زۆر باش ئاگاداری جیهانی سیاسەتن، بەڵام گاردگیرێکی زۆر توند دەکات و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییشە. جاری وا هەیە تەنانەت دان بە زمانی دایکی ئێمەدا نانێن، ئەی لە بەرامبەر چی؟ ڕەنگە کێشەکە زیاتر لەو بەشەدا بێ؟ لە بەرانبەر ئەوانەشدا ئێمە هەمیشە وڵاممان هەیە. وڵامەکەی ئێمە ئەوەیە دەڵێین ئێوە کە وەکوو ئێمە بیرناکەنەوە، چ مەشرووتەخواز بن، سەڵتەنت‌تەڵەبن، موجاهدین بن، چ شوڕای گوزارن، چ هەمبەستەگین، چ شوڕای کار بۆ دێموکراسی‌خوازین، چ کۆنگرەی میللیەتەکانی جۆراوجۆرن، چ ئەوانەی لە نێوخۆی وڵات لەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات و تێکۆشان دەکەن، هەموومان دەبێ واقعییەتێک قبووڵ کەین. واقعییەتەکە ئەوەیە ئەو ئێرانەی کە هەموومان بەیەکەوە کاری بۆ دەکەین، بە مەیل و ئیرادەی یەکێک یان لایەنێک دروست ناکرێتەوە و بەڕێوە نابرێ. بۆیە ئەگەر ئێمە لێرە بە خوێندنەوەیەک گەیشتین لەسەر سووڕەتی مەسەلەکەی ئێران، ئەوەمان وێنا کرد، هێنامانە گۆڕی، گوتمان سووڕەتی مەسەلەکە ئەوەیە، تەبیعەتەن چارەسەرەکانیشیان لە پێش دادەنێین. جا بەشێک لەوانەش کە جاری وایە ئاوا گاڕد دەگرن، هەڵوێست دەگرن، ئەرکی ئێمە ئەوەیە بێ‌ئەوەی کە سووکایەتی و بێ‌ڕێزی بە هیچ لایەک بکەین، (ئەوە نە زمانی ئێمە وەکوو میللەتێک کە بە دوای مافەکانی خۆماندا دەگەڕێن، نە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و نە ئێمە بەدوای خسوومەت و دوژمنیدا هەین، لەدژی هیچکام لەو حیزب و هێزانەی کە لە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن.) لەوێشدا ئێمە وەزیفەمانە کە گەڵاڵەی خۆمان بدەین. لەوێشدا کە ئێمە گەڵاڵەی خۆمان دەدا، لەڕاستیدا ئێمە وەکوو کورد و لایەنە کوردییەکان، بەگشتی دەبێ ڕوونکردنەوەمان هەبێ لەسەر ئیدارەی داهاتووی ئێران. ئێمە هەتا ئێستا گوتمانە باوەڕمان بە فیدڕاڵیزمە، هەموو لایەک بەشدار دەکەین تێیدا. ئێمە دەڵێین ئێران لە سەردەمی پەهلەوی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەی موتەمەرکز ئیدارەی بووە، لایەنەکانی دیکە حەزف کراون، هەر کەس دەسەڵاتی خۆی سەپاندوە، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی، ئێرانییەکان بەشێکی زۆریان وەکوو تاک و بەشێکی دیکەیان وەکوو نەتەوەکان، لەگەڵ ناوەند نەبن، لەدژی ناوەند بن. ئەگەر قەرار بێ دان بە مافەکانی ئێمەدا نەنێن، تەبیعییە کە ئێران ئەمنییەت و ئارامش بەخۆیەوە نابینێ. ئەڵبەتە ئەگەر بەراوردێکی ئەو باس لەگەڵ باسەکانی پێشووتر لەگەڵ ئێرانییەکان بکەم، من کەم و زۆر گۆڕانکاری لە بۆچوونی بەشێک لە ئێرانییەکاندا دەبینم. دۆخەکە وەکوو ٢٠ ساڵ لەوە پێش نییە، بەشێکی زۆر لەوان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە چارەسەری کێشەی ئێران و قبووڵکردنی ئەو ڕاستییە کە دەبێ میللەتە جۆراوجۆرەکان لەنێو ئیدارەی ئێراندا هەبن. بەتایبەت بۆ کورد کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات و تێکۆشاندا هەیە، تازە ئەمری واقعە.   لە بەرانبەر ئەو گاردگیرییە توندەی غەیرە کوردەکەدا، لەنێو کوردیشدا دژکردەوە پەیدا دەبێ، دژکردەوەیەک هەیە پێی وایە، کورد مادام خودموختاریی لێ وەرناگیرێ، فیدڕالیزمی لێ وەرناگیرێ، وڵامی داخوازییەکانی نادرێتەوە، دەرفەتی ڕێفراندۆمی بۆ ناڕخسێ، ئەی باشە بەو هەمووە تێچووە کە دەیدین، بۆ داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان نەکەین ئەم ڕوانگەیە هەیە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا. ئەگەر قسە لە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە، تا ئەو جێگایە پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، بێگومان ئەگەر سیاسەتێکی وا بێتە پێشێ و ئەوە دروست بێ، من پێموایە زیاتر لە هەموو لایەک بە بەژن و باڵای حیزبی دێموکرات بڕاوە و ئەوە حیزبی دێموکراتە خاوەندارەتیی ئەو بابەتە دەکا. حیزبی دێموکرات یەکەم حیزب بوو کە مەسەلەی  نەتەوایەتیی لە ئێراندا هێنا گۆڕێ، حیزبی دێموکرات کاتی خۆی لە چوارچێوی ئێراندا دەوڵەتی کوردیشی دروست کردووە. سەرکۆماری هەبووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەبووە و کۆمەڵێک هێمای خۆی هێناوەتە گۆڕێ و ئەزموونی مەسەلەی کورد هەمووی بۆتە ئەوانە. بەڵام لە هەموو گۆنگرەکانی خۆیدا و ئاخرین کۆنگرە حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە کە لە حاڵی ئێستا چارەسەری مەسەلەی کورد لە چوارچێوی ئێراندا دەبینێ. دەمەوێ ئەوە بڵێم تاکەکانی کورد لەنێو ئێراندا و لە هەر شوێنک کە هەن، حەقی خۆیانە کاتێک کە بیر لە ئێستا و داهاتووی میللەتی کورد دەکەنەوە، بیروبۆچوونی جۆراوجۆریان بۆ مەترەح بێ. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات ڕێز لەوانە دەگرین.   باشە بە هەموو ئەمانەوە وەکوو بەڕێزیشت فەرمووت، ئەوە لە پرستیژی حیزبی دێموکراتدا هەیە، حیزبی دێموکرات ئەو ئیعتبار و پرستیژ و توانایی و کاریگەرییەی هەیە، بڵێ خەڵکینە من لەوە بەدوا دوای سەربەخۆیی دەکەم بۆ کوردستان و ئەمە بابەتەش هیچ‌کام لە ڕێبەرانی کورد و حیزبی دێموکرات حاشایان لێ نەکرد