کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵوگۆڕی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیە و دڕۆنی ئێرانی لە لایەن ئەو دوو وڵاتەوە

14:15 - 17 گەلاوێژ 2722

گۆڤاری" فۆربز": ڕووسیە بەجێگەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە ئێرانی وەرگرتووە، فڕۆکەی شەڕکەری" سیخۆ" دەدا بە ئێران. گۆڤاری" فۆربز" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیرانی بۆ ڕووسیە بەمەبەستی بەکارهینانی لە شەڕی ئۆکراین، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی نووسی: ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە گرێبەستێکی هاوکاریی بیست ساڵەیان لەنێواندایە و بەپێی ئەو گرێبەستە ١٠ میلیارد دۆلارییە، ڕووسیە ٢٢ فڕۆکەی شەڕکەر لە جۆری" سیخۆی ٣٥ و سامانەی بەرگریی مووشەکیی"ئێس ٤٠٠" دەدا بە ئێران. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی زانیارییەکانی شەڕ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە، بەهۆی ئەوەیکە هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیە وئێران ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندن‌دایە و بەمەبەستی دەورلێدانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەدژی ڕووسیە و ئێران و هەروەها پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین، ئەو گریمانە و ئەگەرانە هەمووی ڕاستن. هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە، تاران دەیهەوێ کەڵک لەو ڕێککەوتنە لە نێوان ئێران وڕووسیەدا وەربگرێ، بەجێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کە هەناردەی ڕووسیەی کردووە لە ڕووسیە فڕۆکەی شەڕکەری سیخۆ ٣٥ وەربگرێ. گۆڤاری فۆربز لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویە کە رێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو داوای کڕینی ٣٦ فڕۆکەی شەڕکەری" چێنگدۆ ١٠سی" لە چین کردبوو و بە "چینی"شی ڕاگەیاندبوو کە بەجێگەی پارەکەی نەوت و گاز هەناردەی چین دەکەین، بەڵام ئەم داواکارییەی ڕێژیمی ئێران لەلایەن چینەوە ڕەت کرایەوە و ئێستا ڕێژیمی ئێران بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەر ڕووی لە وڵاتی ڕووسیە کردووە.