کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەلاڕێدا بردنی وتووێژەکانی ڤییەن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

14:51 - 17 گەلاوێژ 2722

وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، گومان لەسەر ئێران دروست دەکا و یارمەتی بەڕەوتی وتووێژەکان ناکا. حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکیی لەهەمبەر چالاکییە شاراوەکانی تاران لە سێ دامەزراوەی ناوکیی ڕانەگەیاندراو وتی: ئەو پرسیارگەلە گومان دروست کردنە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران و وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی رێککەوتنی ناوکیی و بەلاڕێیدا دەبا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، وەزیری دەروەی ئێران، لە وڵامی جەختکردنەوەی ئانتۆنیۆ گوتێرێش، سەبارەت بە پێویستیی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڤێیەن وتوویەتی: کە ئێمە دەمانهەوێ ڕێککەوتنێکی هەتاهەتایی و بەهێز لە نێوان ئیران و وڵاتانی جیهاندا بێتە ئاراوە.