کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە بۆکان

15:29 - 17 گەلاوێژ 2722

حاجیە خانم مەلەک فەرامەزی دایکی شەهید "هەمزە نادری" لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، حاجیە خانم فەرامەرزی، دایکی شەهید "هەمزە نادری" لە شاری بۆکان دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. حاجیەخانم ژنێکی دڵسۆز و پێشمەرگە خۆشەویست بوو و لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی کادرو پێشمەرگەی حیزب بوو، زۆر جار لە تەنگانەدا بە هانای پێشمەرگەوە دەچوو و تا مردن وەفاداری ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بوو. کوڕێکی حاجیە خانم بە ناوی "هەمزە نادری" ناسراو بە "هەمزە ئیفتخاری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی حیزبی بە جێ دەگەیاند کە بەداخەوە ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە باغی حاجیاباد هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاوسەنگەری لە شەڕێکی نابەرابەردا لەگەڵ دوژمن، شەهید بوو. حاجیە خانم مەلەک فەرامەرزی ڕۆژی یەکشەممە لە نێوی ئاپۆڕای خەڵک لە گوندی کارێزانی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لە پەنا کورە شەهیدەکەی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای بە داخبوون بۆ کۆچی‌دوایی دایە مەلەک، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە وخزم و کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان دکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.