کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی تاران لەسەر داخرانی پەروەندەی دامەزراوە ناوکییە گوماناوییەکانی

15:40 - 17 گەلاوێژ 2722

ماڵپەڕی واڵستریت ژۆرنال، بە ئاماژە بەوەیکە دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام لە ڤیەن بەرەوە کۆتایی دەڕوا، نووسی: ڕێژیمی ئێران پێداگریی لەسەر ئەوە دەکا کە پەروەندەی دامەزراوە ناوکییە گوماناوییەکانی دابخرێ. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "واڵستریت ژۆرنال" ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر پێبەندنەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام نووسی: ڕێژیمی ئێران لەسەر داواکارییەکی لە بارەی سپای تێرۆریستی پاسداران پاشگەز بووەتەوە، بەڵام لە گەڕی دیکەی دانوستانەکان‌دا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەروەندە سایتە گوماناوییەکانی دابخرێن و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە بەرجام لەسەر ئەو داواکارییەی تاران تا ئێستا بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون. لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە‌دا هاتووە کە، دانوستانەکانی ڤیەن و ئەو نووسراوەیەی کە بڕیارە وتووێژی لەسەر بکرێ هەر لەو بارەیەوە دەبێ بگاتە ئەنجام، بەڵام دیار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەبێ کە ئەو نووسراوەیە یان هەر گەڵاڵەیەکی دیکە قەبووڵ بکا بۆ ئەوەی لەسەر ڕێکبکەون. لە کۆتاییدا باس لەوە دەکا کە ڕێژیمی ئیران بە یەک مەبەست بەرجام بەکار دێنێ و ئەویش ئەوەیەکە دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە کات بکوژێ و چاوەکان لەسەر بەرنامە ناوکییەکانی خۆی هەڵبگرێ بۆ ئەوەی خێراتر دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.