کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزامەندیی ئەمریکا لەسەر ڕەشنووسە پێشنیارییەکەی ئورووپا بۆ بووژانەوەی بەرجام

14:24 - 18 گەلاوێژ 2722

پاش کۆتایی‌ گەڕی نوێی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئەمریکا ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی کە بە خێرایی ئەو بەڵگەنامە پێشنیارییەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ دەکا. یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پێش لە بەجێهێشتنی ڤییەن لەلایەن تیمەکانی وتووێژەوە بەشێوەیەکی فەرمیی ڕەشنووسی بەڵگەی کۆتایی واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ‌دا بە بەرپرسی تیمی وتووێژەکان و هەروەها وتیشی: ئەو ڕەشنووسە ئامادەکراوە ئاخرین ڕەشنووسە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، هیچ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا ناهێنین و داوا لە ئێران وئەمریکا دەکەین کە ئەو ڕەشنووسە بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ بکەن. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"ی ڕاگەیاندووە کە، ئەمریکا ئامادەیە کە بە خێرایی ڕەشنووسی پێشنیاریی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ بکا. جێگەی ئاماژەیە کە لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا وتووێژە ناوکییەکان لە ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بەردەوام بووە و بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە، تەنیا مەرجی ئێمە بۆ واژۆکردنی ئەو ڕەشنووسە ئەوەیە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، چاو لەسەر پرسیارەکانی سەبارەت بە چالاکیی سێ دامەزراوەی نهێنیی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دابخا و گومان لەسەر ئێران دروست نەکا.