کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆژرانی ٦ کارناسی سەربازیی ئێرانیی و لوبنانی لە سەنعا

14:29 - 18 گەلاوێژ 2722

پاش دوو تەقینەوەی بەهێز لە مۆڵگەیەکی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سەنعا، ٦ کارناسی سەربازیی ئێرانیی و لوبنانی و هەروەها دەیان میلیشیای حووسی کوژراون. هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی یەمەنەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابێ ڕایگەیاند کە، ئەو تەقینەوەیە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەک و هەروەها کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە بنکەی "حەفا"لەشاری سەنعا هاتۆتە ئاراوە کە بەو هۆیەوە ٦ کەس لەکارناسانی سەربازیی ئێرانیی ولوبنانی و هەروەها بە دەیان کەس لە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەئاکامدا کوژراون. هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی یەمەنی"خەبەر" لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازیی یەمەنەوە ڕایگەیاندووە کە، تەقینەوەکە بەهۆی تەقینەوەی مووشەکێک لەکاتی تاقیکردنەوە و بەڕێکردنیدا هاتوەتە ئاراوە و بۆتە هۆی کوژرانی کارناسانی سەربازیی ئێران ولوبنان و هەروەها کۆژرانی دەیان کەس لە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.