کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ئاستی کەڵک وەرگرتن لە خواردنە سەرەکییەکان لە ئێران بە هۆی دۆخی ئابوورییەوە

15:35 - 18 گەلاوێژ 2722

بەهۆی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئێران، دۆخی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لەو پەڕی نالەباری‌دایە. ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە، بەهۆی گرانیی نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان، ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێران دابزیوە بۆ سێ کیلۆ لە یەک ساڵ‌دا و کڕینی گۆشت بۆ چینی کرێکار و هەژاری ئێران لە ساڵێک‌دا لانیکەم گەیشتووەتە سەتا سفر و خەڵکی ئێرانیش تەنیا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرانبوونی دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان بە تاوانبار دەزانن. کارناسانی ئەو بوارە پێیان وایە کە ئەو ئامارە لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان بوایە بە جیددی جێی نیگەرانیی و هەتا مەترسیداریشە، لەبەرە ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەو بەڵایەیان بەسەر خەڵکی ئێران‌دا هێناوە و بۆخۆیان لەو پەڕی خۆش‌بژێویدا دەژین، سەروەت و سامانی وڵاتیش لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیدا لە دەرەوەی ئێران خەرج دەکەن و هیچ گرینگییەک بە دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران نادەن.