کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میرحوسێن مووسەوی: قاسم سولەیمانی کەسێک نەبوو کە شانازیی پێوە بکەین

14:29 - 19 گەلاوێژ 2722

میرحوسێن مووسەوی، ئاخرین سەرۆک وەزیرانی ئێران کە ماوەی ١٢ ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا بەند کراوە لە بەیاننامەیەکی توندوتیژدا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەگرێ. میرحوسێن مووسەوی، ئاخرین سەرۆک وەزیرانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای وتنی ئەوەیکە قاسم سولەیمانی سەردارێکی بێ شانازییە و جینایەتەکانی ئێران لە ناوچەکدا مایەی سەرشۆڕییە وتی: دەستێوەردانە جینایەتکارانەکانی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە بوو بەهۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی میلیۆنان کەس. ناوبراو پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە توندی مەحکووم دەکا ودەڵێ: ئەو کارەی بەرپرسانی ئێرانی ڕژانی خوێنی خەڵکی هەژارە لە وڵاتێکی بێگانەدا کە بۆ مانەوە لە دەسەڵات‌دا منداڵەکانیش دەکوژێ. مووسەوی لەبەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەیدا حیزبوڵای لوبنان بە جینایەتکار ناو دەبا و دەڵێ: سەرهەڵدانی داعش لە ناوچەکەدا ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕێبەری بەندکراوی بزوتنەوەی سەوز، دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە زاڵم و ستەمکار ناوبرد و وتی: هیوادارم ڕۆژێک ئەو شەوە ترسناکە کۆتایی پێ بهێندرێت و سەر لەنوێ ئێران بەرەبەیانی و ڕووناکایی ببینێتەوە. میرحوسێن مووسەوی لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، بەئاماژە بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سپای قودسی ئێران بە فەرمانی ئەمریکا، سولەیمانی بە سەردارێکی بێ شانازی ناوبرد و وتی: قاسم سولەیمانی دانی بە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لەناوچەکەدا دەنا ڕەوایی بەو جینایەتانەدەدا، بۆیە ئەمریکا قاسم سولەیمانی بەسزای کارەکانی گەیاند و دەبێ کوشتنی ناوبراو ببێتە پەند وئەزموونێک بۆ ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماوەن.