کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن: بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیە لە ئێران فێری بەکارهێنانی دڕۆنە ئێرانییەکان دەکرێن

14:33 - 19 گەلاوێژ 2722

بەرپرسێکی ئەمریکایی دەڵێ: بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیە لە ئێران دەورەی ڕاهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکە بی‌فڕۆکەوانە ئێرانییەکان دەبینن. هەواڵدەریی" سی‌ئێن‌ئێن"، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگەگەلەی کە لەبەردەستمان‌دایە، بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیە لەماوەی چەند حەتووی ڕابردوودا لە ئێران ڕاهێنان بۆ بەکارهێنان وکەڵک‌وەرگرتن لە فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانە ئێرانییەکان دەبینن و دەیانهەوێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەشەڕ بەدژی ئۆکراین بەکار بێنن. جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژێک پاش سەردانەکەی پوتین بۆ تاران، بەرپرسانی پێنتاگۆن، دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکا"سیا" و وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، هۆشدارییان سەبارەت بەهەرجۆرە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانی بەدژی ئۆکراین داوە بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی. لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی بە ڕووسیە و بەکارهێنانیان لەشەڕ بەدژی ئۆکراین ڕەت دەکەنەوە.