کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئێران نایهەوێ بەرجام سەر بگرێ

14:38 - 19 گەلاوێژ 2722

بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەئاکام گەیاندنی وتووێژەکانی ڤییەن، چاوەڕوان ناکرێ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕەزامەندیی بۆ بووژانەوەی ئەو ڕێککەوتنە دەرببڕن. ڕۆژنامی ئیسرائیلی"ها ئارێتس"، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ولەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاند کە، بەپێی ئەو بەدواداچوونانە و ئەو زانیاریگەلەی کە لەبەردەستماندایە چاوەڕوان ناکرێ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ڕەزامەندی خۆیان بۆ ڕەشنووسی کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەرببڕن. لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ بە ڕۆژنامەی" هائارێتس"ی ڕاگەیاندووە کە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەو ڕەشنووسەدا کە یەکیەتیی ئورووپا ئامادەی کردووە کێشەیان هەیە و لەگەڵ هەر ڕەشنووس و داواکارییەک کە بتوانێ وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بگەینێتە ئامانج دژایەتیی دەکەن. لەلایەکی دیکەوە" محەممەد مەرەندی" ڕاوێژکاری تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئەو کاتەی کە ڕەشنووسەکە بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ نەکا و نیاز پاکی ئەمریکای بۆ دەرنەکەوێ، هیچ بڕیارێک نادا.