کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم: خەڵک توانایی کڕینی نان و ماستیشیان نییە

14:44 - 19 گەلاوێژ 2722

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: پێشتر دەیانگوت خەڵک نان و ماست بخۆن بەڵام ئێستا کڕینی نان و ماستیش لە توانای هەموو کەسدا نەماوە. ئەسغەر سەلیمی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم وتی: ئەو دۆخەی ئێستای ئابووریی ئێران و شێوەی ژیانی خەڵک، ترسناکە و سەردەمانێک کەسانێک دەیانگوت خەڵک نان و ماست بخۆن بەڵام ئێستا دابینکردنی نان و ماستیش بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران بووەتە ئارەزوو و زۆر کەس ناتوانن دابینی بکەن و دەوڵەت دەبێ لە بیری ڕێگا چارەیەک بۆ ئەو دۆخەدا بێ و نرخەکان دابەزێنن. ناوبراو وتی کاتێک دەوڵەت بەڵینی بە خەڵک دەدا کاڵابەرگیان بداتێ و نرخەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەڵام ئەوە تەنیا قسە بووە و کاتێک یاسایەک بنوسرێ و جێ‌بەجێ نەکرێ، بێ باوەڕی لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێ و ئەوەش جێی نیگەرانییە. ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە دەسەڵاتی حکومەتی ئاخوندی و کاربەدەستانی گەندەڵی ئەو ڕێژیمە دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خرابتر دەبێ و خەڵک توانای دابینکردنی سەرەکی‌ترین پێداویستیی ژیانی ڕۆژانەیان نییە و لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێن کە ڕق و بێزاریی خۆیان بە نیسبەت ئەو دەسەڵاتە دەرببڕن.