کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەزایەچوونی ڕەنجی ١٢ ساڵە (خەسارەکانی سیستمی خوێندن لە ئێران)

15:32 - 19 گەلاوێژ 2722

سیستمی خوێندن و پەروەردە لە ئێران سەرباقی باری ئیدئۆلۆژیکی و بەتاڵبوونی لە بەها و بایەخە مرۆییە جیهانداگرەکان، هەڵگری توخمی هەڵاواردن و پەراوێزخستنیشە. بەتایبەت لە خوێندنی بەرز و وەرگیران لە زانکۆدا ئەو هەڵاواردن و پەراویزخستنە بۆ چینی هەژار و مام ناوەند یان، پارێزگا و شار و شارۆچکە دوور لە پێتەختەکان بەتەواوی هەست‌پێکراوە. "کۆنکووڕ" و چوونە زانکۆ تاقیکاری و هەروەها بەڵگەیەکی ڕوون بۆ سیاسەتی هەڵاواردن و پەراوێزخستنی کەس و گرووپە ناخۆییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە لە کەرتی پەروەردەدا. بە جۆرێک کە ڕەنج و خۆماندووکردن و شەونخوونیی دوازدە ساڵەی قوتابییەک یەکجێ بەزایە دەچێ و بێهوایی، ڕووخانی کۆشکی ئاوات و خەمۆکی جێگای دەگرێتەوە. هەڵاواردن و تایبەت‌کردنی خوێندنی بەرز لە زانکۆکان بۆ گرووپە دەستەبژێرەکانی سەر بە دەسەڵات کاتێک باشتر دەردەکەوێ کە بزانین نۆزدە جۆر پشک (سەهمیە) بۆ وەرگیران لە زانکۆکان هەیە کە هەموویان تایبەت بە ئاڵقە دوور و نیزیکەکانی سەر بە دەسەڵاتن و ئەو پشکانە کار دەکەنە سەر ئاکامی وەرگیرانەکان لە هەموو ئاستەکاندا. واتە ئەگەر قوتابییەکی خاون پشکی حکوومەتی پلەی ٢٥ هەزاری لە پلەبەندی -بۆ نموونە- لە بەشی زانستیدا هێناوەتەوە، بەهۆی خاوەنێتیی پشکەکەی دەتوانێ بگەیەندرێتە پلەی ٦٠٠ی ئەم بەشە . کێشەیەکی دیکە کە لەنێو سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامیدا بەر چاوە، فرۆشتنی خەیاڵە بە قوتابی و خوێندکار، کە ئەم کارە لە ڕێگای مافیاکانی پەروەردە و کۆنکوورەوە جێبەجێ دەکرێ و کات و پووڵی خەڵک و قوتابی ویشک دەکەن و لەبنیان دێنن. لە دەرچووەکانی ئەمساڵدا لە کۆنکووردا لە نێوانی تەواوی ئەم کەسانەی پەلەی بەرزیان وەدەست هێنابوو، ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمیان ئەو قوتابییانە بوون کە لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا خوێندبوویان و نیزیک بە تەواوی پلەبەرزەکانی دیکە دەرچووی قوتابخانە ناحوکمییەکان بوون. بۆ نموونە ئەمساڵ لە نێوان چل پلەی بەرزی دەرچووانی کۆنکووردا تەنیا دوو کەسیان لە خوێندنگای حکوومی و یەکیان لە نیوە حکوومی خوێندوویانە و ئەوانی دیکە هەمووی قوتابیی خوێندنگە ناحکوومییەکان بوون. لێرەدا بە جوانی دەردەکەوێ کە ئەم سیستمە بەناو زانستییە چەندە ڕووخاو و داڕماوە و هەروەها چارەنووسی خەڵکی بێ پشک و بێ‌داهاتیش دەگاتە کوێ؟! کۆنکوور وشەیەکی فەڕەنسییە بە مانای ڕکەبەری ئەستەم ، بەس لێرەدا هیچ ڕکەبەرییەک لەنێوان چینی دەوڵەمەند و دەسەتەڵاتدار لەگەڵ چینی مام ناوەند و هەژار ناکرێ، واتە ڕکەبەری لەسەر خوێندن و خۆماندووکردن و دەرچوون نییە، بەڵکوو لێرەدا براوە تەنیا ئەوانەن کە وا لە پێتەختن، یان سەر بە دەوڵەتن و سەروەت و سامانی گشتیی خەڵکیان هەڵلووشیوە. باسەکانی کۆنکووڕ لە پشکی ئاڵقەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە بگرە، تا فەشەل‌ پێهێنانی سیستمی خوێندنی دەوڵەتی هەتا فرۆشتنی پرسیارەکان وایکردوە بەکردەوە شتێک لە مانای ڕکەبەری و گەیشتنی حەق بە حەقدار بوونی نەمێنێ و ئەوەندەی دیکەش کەلینی چینایەتی و نەتەوایەتی لە ئێراندا باشتر دەربکەوێ. لە ئێرانی ئێستادا خەونی لاوان بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن لە سۆنگەی سیاسەتەکانی ڕێژیمەوە تراویلکەیەک زیاتر نییە.