کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: تاران و واشینگتۆن دەبێ بە خێراترین کات وڵامی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی بەرجام بدەنەوە

15:13 - 19 گەلاوێژ 2722

وتەبێژی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئەو یەکیەتییە چاوەڕوانە کە بە خێراترین کات ئێران و ئەمریکا وڵامی ڕەشنووسی کۆتایی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بدەنەوە. پیتێر ئێستانۆ، وتەبێژی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسێل، سەبارەت بە ڕەشنووسی کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی رێککەوتنی بەرجام وتی: هیچ کاتێک بۆ وتووێژ نەماوە، دەبێ هەموو وڵاتانی بەشدار لەو وتووێژانە بە خێراترین کات بڕیارێکی دروست و چارەنووسساز بدەن. هەرلەم پێوەندییەدا پێشتر جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندبوو کە، ئەو ڕەشنووسە بە هیچ جۆرێک دەسکاریی ناکرێ و دەبێ وڵاتانی بەشدار لەو وتووێژانە بە خێراترین کات وڵامی ئەو داواکارییە بدەنەوە و ئەو ڕەشنووسە بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ بکەن. لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ئامادەیە کە بە خێراترین کات ئەو ڕەشنووسە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ بکا.