کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەوزی "چیا"ی مەریوان سەبارەت بە ڕاگرتنی چالاکییەکانیان

16:13 - 19 گەلاوێژ 2722

"ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگر و چالاکییەکانی خۆیان لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە کرد. ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەنجومەنی سەوزی "چیا"ی مەریوان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ڕاگرتنی چالاکییەکانی خۆی کرد و لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ماوەی ٢٣ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە لەوانە پاراستنی گۆلی زرێبار، ڕێگریکردنی لە ڕاو، بەدواداچوون بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی دارستانەکانی مەریوان، هێنان و زیادکردنی باڵندەی جۆراوجۆر بۆ گۆلی زرێبار، چالاککردنی کۆمیتەی منداڵان و پەروەردەیان لە قوتابخانەکان، بردنەسەری ئاستی ئاگایی خەڵک لەسەر ژینگە، لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بوون. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و دوای ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە لە دارستانەکانی مەریوان ڕوویاندا و دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان گوێی خۆیان لە چارەسەری و کوژاندەوەی ئاگرەکان داخستبوو، ئەو ئەنجومەنە بە یارمەتیی خەڵک بە ئەرکی خۆی زانی کە لەو بارەوە هەموو هەوڵی خۆی بدا بۆ ئەوەی نەهێڵن ژینگەی کوردستان بسووتێ و تێکبچێ و ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکا. ئەو ئەنجومەنە لەو ڕێگایەدا و خۆبەخشانە هەموو هەوڵی خۆی دا و چەندین ئەندامی کارای ئەو ئەنجومەنە لە درێژەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئاگردا سووتان و شەهید بوون. کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان هەرچەند کاری سەرەکیی ئەو ئەنجومەنە نەبوو بەڵام ئەو ئەنجومەنە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئەو ئەرکەیان بەو پەڕی دڵسۆزییەوە لە ئەستۆ بوو و لە لایەکەوە ئەوان بە ئەرکیان زانیوە و لە لایەکەوە لە نابەرپرسیی لایەنی پەیوەندیدار، کوژاندنەوەی دارستانەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو. ئەوان لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها وتوویانە کە لە جیاتی دەسخۆشی و ماندوونەبوونی، دەیان جار تووشی بێ حورمەتی و بێ ڕێزی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بوونەتەوە. هەر بۆیە ڕایدەگەیەنن کە لەوە بەدوا چالاکییەکانیان سەبارەت بە کوژاندنەوەی دارستانەکان ڕادەگرن و ئەو ئەرکە دەدەنە دەست لایەنی پەیوندیدار. ئەنجومەنی سەوزی "چیا"ی، مەریوان ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، شایانی باسە کە ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی، مەریوان یەکێک لەو ئەنجومەن چالاکانە بووە کە ئەندامەکانی بە کردەوە سەلماندوویانە کە دڵسۆز و خەمخۆری سرووشت و ژینگەی کوردستانن.