کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێف‌بی‌ئای: ڕووبەڕووی هەموو کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران دەبینەوە

16:17 - 19 گەلاوێژ 2722

پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا "ئێف‌بی‌ئای" لە بەیاننامەیک‌دا بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگاگەلێکی جۆراوجۆری وەکوو هێرشی سایبێری و کردەوەی تێرۆریستیی، هەڕەشە لە هاوڵاتییانی ئەمریکا دەکا. ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕێگەیەک کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکا و ئاسایشی ئەو وڵاتە و لە ڕێگەی هێرشی سایبێری و ئیتلاعاتیی دەیهەوێ کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە ئەنجام بدا و "ئیف‌بی‌ئای"ـی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە کە ڕووبەڕووی هەموو کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە و ڕێگە نادا بناغەی ژیانی ئەمریکا بکەوێتە ژێر هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، کۆنگرەی ئەمریکا داوای لە ئورووپا کردووە بە تەواوی گرووپی حیزبوڵای لوبنان کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە بخاتە لیستی تێرۆرەوە لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانی حیزبوڵاوە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و ئەمریکا دەکا. ئێف‌بی‌ئای وتیشی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی سەرکوتکردنی لە ڕێگەی ئەشکەنجە و توند و تیژی بۆ سەر ناڕازییانی ئێرانی لە سەرتاسەری جیهان گرتووەتە بەر،بەتایبەت هەڕەشەکانی خستووەتە سەر ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا.