کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پارلمانی عیراق دەکا

14:38 - 20 گەلاوێژ 2722

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای لە شۆرای باڵای قەزایی عێراق کردووە کە لەماوەی یەک حەوتوودا پارلمانی عێراق هەڵبوەشیننەوە و کاتێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوختە دیاری بکەن. موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروبارە نیوخۆییەکانی عێراقدا داوای لە شۆرای باڵای قەزایی عێراق کردووە کە، بە بێ ئەوەی کە گوێتان لە گوشارە سیاسییەکان بێ، دەبێ لەماوەی یەک حەوتوودا پارلمانی عێراق هەڵبوەشێتەوە وکاتیک بۆ هەڵبژاردنی پێشوختە لە عێراق دیاری بکرێ. ناوبراو هەروەها لە تویتێکدا دوای لە شۆرای باڵای قەزایی عێراق کردووە کە دەبێ بە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ڕاسپێرن کە کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دیاری بکا. جێگەی ئاماژەیە کە موقتەدا سەدر، چوارشەممەی ڕابردووش بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارلمان وبەڕێوەچوونی پێشوختەی هەڵبژاردنەکان دەرکردبوو و هەروەها رایگەیاندبوو کە، تا ئێستا ئێمە بڕیارمان نەداوە کە لەو هەڵبژادنانەدا بەشدار دەبین یا نابین. موقتەدا سەدر، بەتوندی دژی دەستێوەردانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە عێراق و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە، دەبێ ئێران سەروەری خاكی عێراق بپارێزێ و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق نەکا.