کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی تێرۆری بەرپرسانی ئەمریکایی لەلایەن سپای پاسدارانەوە

14:43 - 20 گەلاوێژ 2722

دادگووستەری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەناوی" شەهرام پوورسەفی" هەوڵی تێرۆری "جان بۆڵتۆن"ی داوە. وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بەناوی" شەهرام پوورسەفی" کە بەناوی "مەهدی ڕەزایی" ناسراوە، بەدارشتنی پیلان بۆ تێرۆری جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا تۆمەتبارە. لەدرێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکادا هاتووە کە، شەهرام پوورسەفی، بۆ تێرۆری جان بۆڵتۆن، ٣٠٠هەزار دۆلاری داوە بە چەند کەسێکی تێرۆریست بۆ تێرۆرکردنی ئەو کەسایەتییە سیاسییە ئەمریکاییە، ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، ویستوویە لە ڕێگەی ئەو چەند کەسە تێرۆریستەوە و بە تێرۆرکردنی جان بۆڵتۆن تۆڵە لە ئەمریکا بکاتەوە، کە ئەو پیلانەی ڕێژیمی ئێرانیش پووچەڵ کرایەوە. لەبەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، تۆمەتبار ئێستا ئازادە و ئەگەر پاش لێکۆڵینەوەکان ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانی ڕێژیم تۆمەتەکانی بەسەردا بسەپێ، ئەوە بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێرۆری جان بۆڵتۆن ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێ. لەلایەکی دیکەوە جان بۆڵتۆن، لە وتوویژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، وێڕای سپاس لە هەوڵەکانی دادگووستەری ئەمریکا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە تێرۆریستییە وتی: ڕێژیمی ئێران پێشینەی تێرۆریستی هەیە و بەردەوام پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە وجیهاندا دەکا و ئەوە یەکەمین هەوڵی بۆ تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکا نییە و ماوەیەک پێشتر هەوڵی دابوو کە مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەروەی پێشووی ئەمریکا تێرۆر بکا.