کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوورنیوز: هیچ کۆبوونەوەیک لە ئاستی بەرپرسانی باڵای ئێراندا سەبارەت بە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەشنووسەکەی یەکیەتیی ئورووپا نەکراوە

14:48 - 20 گەلاوێژ 2722

ماڵپەڕی نوورنیوز نزیک لە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە ڕەشنووسە کۆتاییەکی یەکیەتیی ئورووپا وتی: تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی بەرپرسانی سەرەوەی ئێران بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو ڕەشنووسە نەکراوە. ماڵپەڕی"نوورنیوز" کە سەر بە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بۆ کۆتا ڕەشنووسی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و هەروەها جەختکردنەوەی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر وڵامدانەوەی خێرای ئێران وئەمریکا بەمەبەستی واژۆکردنی ئەو ڕەشنووسە نووسی: تا ئێستا لە ئێراندا لە ئاستی بەرپرسانی باڵادا هیچ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە هەڵسەنگاندن وقسەکردن لەسەر ڕەشنووسە پێشنیارییەکەی یەکیەتیی ئورووپا نەکراوە هەرلەم پێوەندییەدا جوزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە کۆتایی نوێترین دەوری وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ڕەشنووسی کۆتایی بە ئاکام گەیاندنی ڕێککەوتنی بەرجام دراوە بە هەموو وڵاتانی بەشدار و لەسەر هەموو شتێک وتووێژ کراوە و هیچی دیکە نەماوە کە لەسەری وتووێژ بکرێ، ئەو ڕەشنووسە کۆتا ڕەشنووسە پێش لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و بەهیچ جۆرێک دەسکاری ناکرێ و داوا لە ئەمریکا وئێران دەکەین کە بە خێراترین کات وڵامی ئەو ڕەشنووسە بدەنەوە و واژۆی لەسەر بکەن.