کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی ئەندامێکی هەواڵنێرانی بێ سنووری خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیەوە بۆ ئێران

15:48 - 22 گەلاوێژ 2722

ئەندامێکی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور و چاڵاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیەوە دەسبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، "محەممەد مەمەندزادە" تەمەن ٢٦ ساڵ و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە شاری دەمرە سەر بە پارێزگای ئانتالیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەسبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە. "محەممەد مەمەندزادە" دوو مانگ پێش و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە گوشاری لەسەر بوو و چەندینجار بانگ کرابوو، زێدەکەی بەجێ هێشت و مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا ڕووی لە تورکیە کردبووە. جێگای ئاماژەیە، "محەممەد مەمەندزادە" یەکێک لە چالاکانی میدیایی، مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشتە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە. هەروەها هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ئەمساڵ سێ جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە.