کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوە جیهانییەکان لە هەمبەر هێرش بۆ سەر سەلمان ڕوشدی و مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیە

15:49 - 22 گەلاوێژ 2722

هێرش بۆ سەر "سەلمان ڕوشدی" نووسەری ئەمریکایی-بریتانیایی، لەلایەن ڕێکخراو، کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی جیهان مەحکووم کرا و ئەو هەنگاوەیان وەکوو هێرش بۆسەر ئازادیی ڕادەربڕین ناو برد. ڕۆژی هەینی ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، دوای ئەوەیکە "سەلمان ڕوشدی" لە ڕێوڕەسمێک‌دا لە ئەیالەتی نیویۆرک، بە چەقۆ هیرش کرایە سەری و بریندار کرا، ئەبدرۆ ویلی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوبراو لە بەیاننامەیەک‌دا ڕایگەیاند کە لەوانەیە سەلمان ڕوشدی بەهۆی هیڕشەکەوە چاوێکی لە دەست بدا و لە ئێستادا لە ژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی زۆر جێگیر نییە. هەروەها پۆلیسی نیویۆرک‌یش ڕایگەیاند کە کەسی هێرشبەر بە ناوی "هادی موتێر" تەمەن ٢٤ساڵان و خەڵکی وڵایەتی "نیوجێرسی"ـیە بەڵام تا ئیستا هۆکاری هێرشی ئەو کەسە بۆ سەر ناوبراو ئاشکار نەبووە کە لە کوێوە ئاراستە کراوە. هەر لەو بارەیەوە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە کە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریخستووە کە ئەو کەسەی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر سەلمان ڕوشدی، پیشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتگەلی جیاوازی بە مەبەستی لایەنگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران، سپای تێرۆریستی پاسداران و شیعە توندڕەوەکان بڵاو کردووەتەوە.