کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا: وتووێژ لەگەڵ تاران لەبارەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بێ ئاکامە

15:51 - 22 گەلاوێژ 2722

وەزارەتی دەرەوەی کانادا وتی: هەوڵەکان بۆ وتووێژ کردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەبارەی پەروەندەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بێ‌ئاکامە و کانادا دەیهەوێ ڕێگەی دیکەبگرێتە بەر. بەپێی ڕاپۆرتی "ئێران ئینتێر ناشنال" ڕۆژی هەینی ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی کانادا، وتی: هەوڵەکان بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کارەساتی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و ١٧٦ کەس بوونە قوربانی، هیچ ئاکامێکی نەبووە و دەوڵەتی کانادا دەیهەوێ بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوگەلی دیکە کە لە ژێر یاسای نێونەتەوەیی‌دا بێ هەڵبگرێ و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش واز لە پیشێلکارییەکانی خۆی بێنێ و دان بەوەدا بنێ کە کارەساتێکی گەورەی ئەنجام داوە. وەزارەتی کانادا هەر لەو پێوەندییەدا وتی: لە لێدانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە مووشەکی بالستیک کرایە ئامانج، کارەساتێکی گەورە بوو و لە هەمانکاتیشدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزاریی بوو و دەبێ ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو کارەساتە وڵامدەر بێ. ناوبراو هەروەها وتی: تا کاتێک بنەماڵەی قوربانیان نەگەن بە دادپەروەری و وڵامی ڕاست و دروستیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێنەدرێتەوە بەهیچ شێوەیەک دەست هەڵناگرن، لەبەر ئەوە ئەو کارەساتە لە کۆمەڵکوژی کەمتر نییە.