کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێران تەنیا چەند حەوتوو کاتی دەوێ بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بەچەکی ناوکیی

14:39 - 23 گەلاوێژ 2722

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێ: سەرەڕای گوشار و داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی ڕاوەستانی لێکۆڵێنەوەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ئێمە هیچ جۆرە گوشارێکمان نەخستۆتەسەر ئاژانس. ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی" پی‌بی‌ئێس" سەبارەت بەوەیکە ئەمریکا دەیهەوێت داوا لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بکا کە لێکۆڵینەوەکان لە سەردامەزراوە شاراوە ناوکییەکانی ئێران ڕابگرێ بە مەبەستی دەستبەرکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران باج بەو ڕێژیمە بدا وتی: ئێمە سیاسەتمان ڕوون و ئاشکرایە و هیچ جۆرە گوشارێک ناخەینە سەر ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و دەبێ ئاژانس درێژە بە لێکۆڵینەوەکانی بدا. نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لەدڕێژەی وتووێژەکەیدا سەبارەت بە درێژەی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وپێشێلکارییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە وتی: ئێران تەنیا چەند حەوتوو کاتی دەوێ کە کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی بەرهەم بێنێ و ئێمە دەمانهەوێت لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بگەین بە ڕێککەوتنێک کە ئەو ڕێژیمە لەبەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی دوور بخاتەوە. ناوبراو لە کۆتایی وتووێژەکەدا سەبارەت بە هەوڵی تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە وتی: ئێمە پشتیوانیی لەهەموو کەسایەتییەکان وهاوڵاتییانی ئەمریکایی دەکەین وئیزن بەهیچ کەس و وڵاتێک نادەین کە بە ئارەزووی خۆی گیانی هاوڵاتییانی ئەمریکایی ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە.