کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن: جیهان دەبێ بە ئاشکرا سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکا

14:43 - 23 گەلاوێژ 2722

دەزگای زانیارییەکانی یەمەن، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی باندێکی قاچاخی چەکوچۆڵی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بڵاوکردەوە. دەزگای زانیارییەکانی یەمەن، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لەگرتە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی باندێکی قاچاخچی کە چەکوچۆڵیان لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ میلیشیا حووسییەکان دەگواستەوە بڵاوکردۆتەوە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو باندە پێکهاتووە لە چوار کەس بەناوەکانی" ئیبراهیم عومەر حەسەن، مستەفا ئەحمەد ، حوسێن یەحیا و محەممەد عەبدە" کە لە "بەندەر عەباس"ەوە چەکوچۆڵیان بەشێوەی قاچاخ دەگواستەوە بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن. ئەو باندە لە لێپرسینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی میلیشیا حووسییەکانەوە و لەڕێگەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە چەکوچۆڵ و تەقەمەنییان لە "بەندەر عەباس"ەوە بۆ بەندەر ئەلحەدیدە گواستۆتەوە. هەرلەم پێوەندییەدا و پاش دانپێدانانی ئەو باندە قاچاخچییە، مەعمەر ئەلڕیانی، وەزیری دەزگای زانیارییەکانی یەمەن، ڕۆژی شەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە بە کۆدەنگی و بەشێوەیەکی ئاشکرا سیاسەتە هەڵە وتێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا لەقاو بدەن.