کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکی تەبلیغی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی سەقز، سنە و بۆکان

14:51 - 23 گەلاوێژ 2722

وەفادارانی ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات، بەبۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و جەژنی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە شارەکانی سنە، سەقز و بۆکان چالاکی بەرینی تەبلیغیان بەڕێوە برد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دڵسۆزان و ئەویندارانی دێموکرات، لە شارەکانی سەقز و سنە بەبۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ ۷۷ ــەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جەژنی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، کە بووەتە هۆی شادی و دڵخۆشی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات، چالاکی تەبیلغیان بەڕێوە برد و بە بڵاوکرنەوەی وێنەی ڕێبەرانی شەهید و نووسینی دروشم و پیرۆزبایی کوتن ئەو یادەیان بەرز ڕاگرت و پیرۆزباییان لە خەڵکی کوردستان کرد. هەر وەها وەفادارانی دێموکرات لە نێو شاری بۆکان، ڕۆژی هەینی ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێگای کێوەڕەش، کە شوێنێکی گەشتیاری، قەرەباڵغ و پڕ هاتوچۆیە، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد کە شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە چەقی شار بوو بەهۆی گەشانەوە و دڵخۆشی خەڵکی ئەو شارە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لە هاوڕێیانمان لە شارەکانی سنە، سەقز و بۆکان، هیوای بەردەامیی و سەرکەوتن لە ئەرک و کارەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.