کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی مەهدی کەڕووبی لە میرحوسێن مووسەوی

14:56 - 23 گەلاوێژ 2722

میرحوسێن مووسەوی بەیاننامەیەکی بەدژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە و مەهدی کەڕووبی‌ش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو بەیاننامەیە دەربڕی و ڕوو بە دەسەڵات وتی: بەجێی بێڕێزی‌کردن وڵامی بدەنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، مەهدی کەڕووبی، یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران، هاوكات لەگەڵ ڕەخنەی توند لە هێرشی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر "میرحوسێن مووسەوی" سەرۆک‌وەزیرانی پێشووتری ڕێژیمی ئێران و ڕێبەری بزووتنەوەی سەوز، کە بەیاننامەیەکی بەدژی دەسەڵاتداران بڵاو کردووەتە، ڕووبە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتی: بەیاننامەکەی مووسەوی ڕەخنەگرانە بووە و لە هەموو شوێنێک ئەو ڕەخنانە قەبووڵ کراوە تەنیا لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێ، بە جێی ئەوەی وڵامی بدەنەوە هێرشی دەکەنە سەر و بێڕێزی پێ دەکرێ. کەڕووبی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی‌دا لەگەڵ کوڕەکەی خۆی بە ناوی "محەممەد تەقی کەڕووبی" وتوویەتی: مووسەوی سەرۆکوەزیرانی پیشووتری ڕێژیم بووە و ئەزموون و ناسینێکی تایبەتی لەسەر "نیزام"ـی کۆماری ئیسلامی هەیە و باسی لە کۆمەڵێ بابەتی گرینگ کردووە کە ئەمڕۆ کێشە و گرفتە هەرە گرینگەکانی خەڵکی ئێرانە و باسی لە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕەزی کردووە کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن و هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە خراپترین شێوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.