کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی بۆکان

15:06 - 23 گەلاوێژ 2722

مامۆستا مەلا ڕەحمان ناسری، کەسایەتیی ئایینی و کوردپەروەری ناوچەی بۆکان، لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاویژی ١٤٠١ی هەتاوی، "مامۆستا مەلا ڕەحمان ناسری" کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری ناوچەی بۆکان لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە شاری بۆکان دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. مامۆستا مەلا ڕەحمان هەموو تەمەنی بە سەربەرزی و لە پێناو خزمەت بە ئایین و وێژە و خەڵکی کوردستان بردە سەرێ، ناو براو لە ماوەی تەمەنیدا لەلایەن ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییەوە تووشی زۆر چەرمەسەری و گیر و گرفت بووە، هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، کاتێک ئیزنی نەدا وێنەی خومەینی و باقی کاربەدەستە دژە مرۆییەکانی ئەو ڕێژیمە لە مزگەوتەکەی هەڵواسرێ، بە کۆماری سێدارەی ڕاگەیاند کە ناتوانن لە بەرەی خەڵکی داببڕن و بیکەنە ئامرازی گەڵاڵە گەندەڵەکانی خۆیان، ناوبراو دوای چەند ساڵ وانە گوتنەوە لە قوتابخانەکانی بۆکان، لە درێژەدان بە ئەرکی مامۆستایەتیی لە قوتابخانەکان مەنع کرا. «ئایین و ئەدەب» کۆمەڵێک هۆنراوە بە زمانی کوردی و «منظومە عقل و دین» بە فارسی، دوو بەرهەمی چاپ کراوی مامۆستا مەلا ڕەحمانی ناسرین. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کورستانەوە بەبۆنەی کۆچی‌دوایی مامۆستا مەلا ڕەحمان ناسری، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مامۆستا مەلا ڕەحمان و هەموو خەڵکی بۆکان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.