کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتییەکانی لاوانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان

17:02 - 23 گەلاوێژ 2722

یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان پەیامیکیان لە ژێرناوی "داهاتوو بۆ ئێمەیە" بڵاو کردەوە. یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە لە بەشێک لە پەیامی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە، خەباتی نەتەوایەتیی کورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی و هەروەها بەمەبەستی پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک و یەکسان بە ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەگەلی مرۆڤ‌تەوەرانە، سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هەروەها گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەشدار و ئەرکدار کردوە و بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی کورد بە تایبەتی لەسەدەی ڕابردوو، بە باشی بۆمان دەردەکەوێ کە لاوان توێژیکی کاریگەر بوون لە ڕەوتی خەباتدا و بە شێلگیری و فیداکاری خۆیان شوێن پەنجەیان بە تێکۆشانی نەتەوەییەوە دیارە. ئێمەی لاوانی کورد وەکوو توێژێکی پڕداخوازی و ئایدیا و خولیای بەرز بەهۆی ئەویکە وڵاتەکەمان لەژێر دەستی داگیرکەردایە و لە مافەکانمان بێبەری کراوین، بەنیسبەت وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیی جیهان لە دۆخێکی جیاوازداین، هەر بۆیە بەڵێن دەدەین کە نە تەنیا بۆ توێژی لاوان بەڵکوو بۆ هەموو کۆمەڵگەی کوردەواری لە تێکۆشان و خەبات بەردەوام دەبین و بەڵێن دەدەین هەموو تواناکانمان بخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی کورد و کوردستان. ئێمەی لاوانی دێموکرات یەکگرتووییمان کردۆتە بنەمای تێکۆشان و بەڵێن دەدەین نەتەوە و نیشتمان بۆ ئێمە لەسەرەوی هەموو بابەتێک بێ و هێڵی سوورمان تەنیا سەربەخۆیی وڵاتەکەمان بێ و تا سەرکەوتنی نەتەوەکەمان لە مەیدانداین و هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگرمان بێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری و دڵنیاین کە داهاتوو بۆ ئێمەیە. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانی لاوان هەر شەکاوە بێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی کوردستان یەکیەتییەکانی لاوانی دێموکرات یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠١ ١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٢