کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی قائانی لە بەرپرسانی ئەمریکا

15:06 - 24 گەلاوێژ 2722

پاش هێرش بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە بەرپرسانی ئەمریکایی دەکا. کاناڵی تێلێگرامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش هێرش بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، نووسەری بریتانیایی، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای هەڕەشە لە بەرپرسانی ئەمریکایی، دەڵێ: پێشنیار بە بەرپرسانی ئەمریکایی دەکەم کە شێوەی ژیانی خۆیان بگۆڕن وەکوو سەلمان ڕوشدی، بە نهێنی ژیان بکەن. قائانی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، سەرەڕای هەڕەشە لە ئەو بەرپرسە ئەمریکاییانەی کە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، دەور و نەخشی گرینگیان هەبووە وتی: ئەو کەسانە تەنانەت لە ماڵەکانی خۆیاندا پارێزراو نین. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە حوسێن شەرێعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، کە ڕوانگە و بیروبۆچوونەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاو دەکاتەوە لە بابەتێکدا لەژێر ناوی هێرش بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، نووسەری بریتانیایی، نووسی: ئەو هێرشە زەنگێکی مەترسییە بۆ ئەو کەسانەی کە فەرماندەی پێشووی سپای قودسیان کوشت و هەروەها نووسی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەبێ بەمزووانە چاوەڕوانی تۆڵەی قورس بن. جێگەی ئاماژەیە کە، سەلمان ڕوشدی نووسەری ڕۆمانی" ئایاتی شەیتانی" لە مەراسمێکدا لە نیویۆرک بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە و پاش ئەو هێرشە تێرۆریستییە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای دەسخۆشی لە بکەری ئەو کردەوە تێرۆریستییە، بەردەوامن لە هەڕشەکردن لە بەرپرسانی ئەمریکایی.