کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی وایس: ئەو کەسەی هێرشی کردەسەر سەلمان ڕوشدی، ڕاستەخۆ لەگەڵ سپای قودسی ڕێژیم پێوەندیی هەبووە

15:12 - 24 گەلاوێژ 2722

بنکەی هەواڵدەریی وایس دەڵێ: هادی مەتەر، ئەو کەسەی کە بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سەلمان ڕوشدی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سپای قودسی رێژیمی ئێران لە پێوەندییدا بووە. شەوی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، هەوڵدەریی وایس لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری بەرپرسانی دەزگای زانیارییە ئورووپاییەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ ڕایگەیاند کە، هادی مەتەر، ئەو کەسەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە چەقۆ، هێرشی کردە سەر سەلمان ڕوشدی، نووسەری بریتانیایی" ئایاتی شەیتانی" کە ساڵی ٦٧ی هەتاوی خومەینی فتوای کوشتنی دابوو، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندییدا بووە و گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر ئەو نووسەرە بریتانیاییە لەلایەن سپای قودسەوە داڕیژراوە. بەرپرسێکی دژە تێرۆری ئورووپایی لەم بارەوە بە هەواڵدەریی " وایس"ی ڕاگەیاندووە کە، ڕوون و ئاشکرایە کە هێرش بۆسەر سەلمان ڕوشدی بە بەرنامە بووە و گەڵاڵەی هێرشەکە لەلایەن سپای قودسی رێژیمی ئێرانەوە داڕێژراوە، سپای قودسی لە ڕێگەی ئەو کەسەوە هێرشی کردۆتەسەر ئەو نووسەرە بریتانیاییە.