کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی پارێزگاری لە دێموکراسی: ئێران چەکی ناوکیی بەرهەم دێنێ

15:13 - 24 گەلاوێژ 2722

ڕێکخراوی پارێزگاری لە دێموکراسی دەڵێ: ئەگەر شۆرای بڕیاردەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی وزەی ناوکیی ڕابگرێ، کۆمەڵگەی جیهانیی هیچکات ناتوانێ بزانێ کە ڕێژیمی ئێران، چ کاتێک دەستی بە چەکی ناوکیی رادەگا. ڕێکخراوی ئەمریکایی پارێزگاری لە دێموکراسی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاویژی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا نووسی: داواکارییەکەی ڕێژیمی ئێران لە زلهیزە جیهانییەکان سەبارەت بە ڕاوەستانی لێکۆلێنەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە سێ دامەزراوەی شاراەوە ناوکییەکەی ئێران، بەو مانایەیە کە تاران درێژە بە چالاکییە ژێرزەوینییە ناوکییەکانی دەدا و دەیهەوێت بەشێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی چەکی ناوکیی بە مەبەستی گوشار خستنە سەر وڵاتانی زلهیزی جیهانیی بەرهەم بهێنێ. ئەو ڕێکخراوەیە لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: بەڵگەگەلێکمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران تا ئێستا چالاکییە ناوکییەکانی خۆی هەڵنەپەساردووە و بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی و تەنیا مەبەستی لەدرێژەی وتووێژە ناوکییەکان کات بە فێرۆدان و کات کڕینە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی.