کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی فۆڕ کورد بۆ پاڵپشتی لە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

17:11 - 27 گەلاوێژ 2722

ناوەندی فۆڕ کورد، بەمەبستی پاڵپشتی کردن لە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، داوای هاوکاریی وپاڵپشتیی لە ڕێکخراوە وناوەندە مافی مرۆییەکان دەکا. دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز ناوەندەکانی مافی مڕۆڤ و لایەن و ناوەندە سیاسیەکانی جیهان هەر وەک ئاگادارن لەماوەی مانگی ڕابردوودا چوار چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماریی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون و هەتا ئەم چرکەیە هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندرووستی و ژیانی ئەم چوار مرۆڤە ئازادیخوازە لەبەردەست دا نییە. لە هەموو گرینگتر دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی سازدانی سنارێۆگەلێکی پوچ و بێ بنەمان دژ بەم چوار چالاکوانە سیاسیە کوردە و لەوانە هەوڵدان بۆ خستنە پاڵی تۆمەتی هاوکاری و پەیوەندییان بە دەزگا ئیتلاعاتی و سیخوڕییەکانی وڵاتانی دژبەری کۆماریی ئیسلامیە کە ئەمە هەوڵێکی نامرۆڤانەی ڕێژیمە بۆ سەرکوت و ئەشکنجەی هەرچی زیاتری چالاکانی سیاسی و مەدەنی. هەر وەها ڕێژیمی تاران هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرش بکاتە سەر بزووتنەوەی مافخوازانە و ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمە نیگەرانیەکان بە نیسبەت سەرکوت و لە ناوبردنی فیزیکی زیاتر دەکات. ناوەندی فۆڕ کورد وێڕای پاڵپشتی لەم چوار بەندکراوە سیاسیە و بنەماڵەکانیان هەوڵی چڕو پڕ دەدات بۆ گەیاندنی دەنگیان بە ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە جیاجیاکان و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی پاراستنی گیان و سڵامەتیان دەزانێت و هەر چەشنە ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرە ملی دژ بە یاساکانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە جیهانیەکانی داکۆکیکار لە زیندانیان سیاسیی دەزانێت.