کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە سۆعدا خەدیرزادە و هەوڵی خۆکوشتنی ناوبراو

15:06 - 29 گەلاوێژ 2722

سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ، لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیەوە دوای بانگکرانی هەڕەشەی لێکراوە و ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی خۆی و منداڵەکەی داوە. بەپیی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، دوای ئەوەیکە سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردیان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە، ناوبراو هەوڵیداوە لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێ و پێشتریش ، خۆی منداڵە دوو مانگانەکەی خۆشی دەرمانداو کردووە و باری تەندروستیی ناجێگیرە و مەترسی جییدی لەسەر ژیانی هەیە. هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، سۆعدا خەدیرزادەیان، خستووەتە ژێر گوشارەوە و داوایان لێکردووە کە دەبێ لە پێش چاوی کامێرا قسە بکا و ناچاریان کردووە کە بڵی؛ بارودۆخی لە بەندیخانە‌دا باشە و کێشەی نییە و هەموو خزمەتگوزارییەک بۆ خۆی بۆ منداڵەکەی بەردەستە و هەموو هەواڵەکان لەو بارەیەوە ناڕاستن، بەڵام ناوبراو دانی بەوەدا نەناوە بۆیە هەڕەشەی ئەشکەنجە و توند و تیژیی لێکراوە و ئەویش هەوڵی خۆکوشتنی خۆی و منداڵە دوو مانگانەکەی داوە. جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای دۆخی خراپی تەندروستی خۆی و منداڵەکەی، ڕێگەی پێنەدراوە سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان بکا.