کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و جێژنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات لە ناوچەکانی ورمێ، مەهاباد و پیرانشار

15:48 - 29 گەلاوێژ 2722

بەبۆنەی جەژنی یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبە، لە ناوچەکانی گەلی قاسملوو، شامات و مەحاڵی مەهاباد و گوندی دایەشیخی پیرانشار، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دڵسۆزان و ئەندامانی حیزب، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ــەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و هەروەها جێژنی یەکگرتنەوە و یەکڕیزیی هەر دوولایەنی دێموکرات، لە گەلی قاسملوو ئاگری شادییان کردەوە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد وسروودی ئەی ڕەقێبیان بڵاو کردەوە. هەروەها وەفادارانی دێموکرات لە گوندی دایەشێخی سەر بە شاری پیرانشار بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئاگرکردنەوە، شادی و خۆشییان دەربڕی و بە نیشانەی ڕق و بێزاری لە ڕێژیمی دژەکوردی ئێران، ئاڵای کۆماری ئیسلامییان ئاگر تێبەردا. لە درێژەی ئەو کار و چالاکیانەدا ئەویندارانی ڕێگا و ڕێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، لە ناوچەی مەحاڵ و شاروێرانی مەهاباد و چۆمی مەجیدخان و بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی ڕێبەرانی شەهید، ئەو یادە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ئەو ڕێبازە پڕ لە سەروەرییە نوێ کردەوە. لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە ئەندامان و دڵسۆزانی دێموکرات، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ بە ئاوات دەخوازین.