کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورلێدانی گەمارۆکان لە لایەن ڕووسیەوە لە ڕێگای تورکیەوە

14:29 - 30 گەلاوێژ 2722

پوتین و ئەردۆغان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای هەڵهێنانەوەی هەنگاوگەلێکی جیددی لە ڕاستای بەهێزکردنی هاوکاری، گەیاندن وگواستنەوەی کشتوکاڵی، پیشەیی، تووریستی لە نێوان دوو وڵاتدا دەکەن. پاش دەربڕینی نیگەرانییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، سەبارەت بە نزیکی نێوان ڕووسیە و تورکیە، والی ئێدمیۆ، جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە، ڕووسیە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی تورکیەوە گەمارۆکان دەور لێداتەوە، لەو پێوەندییەشدا جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا نیگەرانییەکانی ئەمریکا ویەکیەتیی ئورووپای بە" یوونس ئێلیتاس" جێگری وەزیری دارایی تورکیە ڕاگەیاندووە و وتوویە کە، ڕووسیە دەیهەوێت لە ڕێگەی تورکیەوە گەمارۆکانی ٣٠ وڵات بەدژی ڕووسیە دەورلێداتەوە. هەرلەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە یەکیەتیی ئورووپا نیگەرانە لەوەیکە ڕووسیە بیهەوێ تورکیە وەکوو سەکۆیەکی بازرگانی بەکار بێنێ و لەو ڕێگایەوە گەمارۆکان دەور لێداتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە ولادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە وڕەجەب تەیێب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەشاری سووچی ڕێککەوتنیان لەسەر بەهێزکردنی بەشی ئابووری و وزە واژۆ کردووە.